سەرۆکی دادگای فیدراڵیی عێراق داوای خانەنشینبوونی پێشکەش کرد
سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق داوای خانەنشینبوون دەکات، سەرچاوەیەکیش دەڵێت: هۆی داواکارییەکەی، کێشەی ناوخۆیی دادگاکەیە.
دووشەممە، 23-06-2025، سەرچاوەیەک بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، جاسم عومێری، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی داوای خانەنشینبوونی لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کردووە.
بـــە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، هۆی داواکەی عومێری، بۆ کێشە و ناکۆکییەکانی نێو دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دەگەڕێتەوە.
دادگەی فیدڕاڵی بە سەرۆكی دادگاكەوە لە نۆ كەس پێك دێن و چوار دادوەری دیكەش ئەندامی یەدەگن.
ڕۆژی پێنجشەممە، 23-06-2025، بەهۆی کێشە ناوخۆییەکان، لە كۆی نۆ ئەندامی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق، شەش ئەندامی دادگەكە داوای دەستلەکارکێشانەوەیان پێشكەشی سەرۆكی دادگاكە کرد، بەڵام تا ئێستا داواکە پەسەند نەکراوە.
وابڕیار ئەو ڕۆژە دادگەی فیدڕاڵی كۆببێتەوە و ڕاوێژ و گفتوگۆ سەبارەت بە دوو بڕگە بكات؛ ڕێککەوتنی خۆر عەبدوڵڵا و دەركردنی فەرمانێكی سالاری (ئەمری وەلائی) سەبارەت بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە.