وەزارەتی دەرەوەی قەتەر: هێرشەکانی ئێران چاوەڕواننەکراو بوون

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند: سوپاسی هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێ دەکەین و دۆخی قەتەرە سەقامگیرە.

ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ دووشەمە 23ـی حوزەیرانی 2025، لەدوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی ڕاگەیاند: سیستەمی ئاسمانی قەتەر سەرجەم هێرشەکانی بەرپەچدایەوە و پوچەڵیانی کردنەوە  وهیج زیانێکمان پێ نەگەیشتووە، وڵاتانی ناوچەکە هیچ بژاردەیەکیان نییە جگەلە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتووگۆ. قەتەر چەندین جار هۆشداری دا لەوەی پەرەسەندکانی ئیسرائیل لەناوچەکەدا لێکەوتەی دەبێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گوتی: هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئێمە چاوەڕواننەکراو بوون، چونکە هەڵوێستەکانی ئێمە  بەرانبەر ئێران لە ڕابردوودا، هەڵوێستی دراوسێیەتی باش و نێوەندگیریی بوون.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر گوتیشی: سوپاسی هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێ دەکەین، ئێستاش دۆخی قەتەر سەقامگیرە و لەسەر داواکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڕەچاوکردنی دۆخی قوتابیان تاقیکردنەوەکان بۆ تەنیا ڕۆژێک دوادەخەین و ڕۆژی چوارشەممە درێژە بە تاقیکردنەوەکان دەدرێت.

ماجید ئەنساری، ئاماژەی بەوەش کرد، قەتەر هەموو ئامادەکارییەکی کردبوو، بۆ ڕوودانی هەر حاڵەتێکی لەم شێوەیە، دڵنایی دەدەینە هاووڵاتییانمان دەتوانن ژیانیان بە ئاسایی بەڕێ بکەن.

دووشەممە 23ـی حوزەیرانی 2025، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی سەربازیی عودەیدە لە قەتەری ڕاگەیاند. 

لە ڕاگەیاندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە لە پاش دەستدرێژیی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازانەکانی ئێران و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و بە یارمەتیی بڕیارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، سوپای پاسداران لە ئۆپەراسیۆنی 'موژدەی سەرکەوت'ندا بنکەی ئەسمانی عودەیدی قەتەری بە مووشەک بە ئامانج گرتووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment