قەتەر بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش: مافی خۆمانە وەڵامی هێرشەکەی ئێران بدەینەوە
قەتەر نامەیەکی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی کردووە و جەخت لە وەڵامدانەوەی هێرشەکەی سوپای پاسدران بۆ سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمەریکا دەکاتەوە.
سێشەممە، 24-06-2025، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، نامەیەکیان لەبارەی هێرشی دوێنێ ئێوارەی دووشەممە، 23-06-2025ـی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر بنکەی سەربازیی "عودەید"ـی ئەمەریکی لە وڵاتەکەیان، ئاراستەی ئەنتۆنویۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کارولین ڕودریگێز، نوێنەری هەمیشەیی گیانا لە ڕێکخراوەکە و سەرۆکی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی ئاسایش، ناردووە.
نامەکە لە ڕێگەی عەلیا ئەحمەد بن سەیف ئال سانی، نوێنەری هەمیشەیی قەتەر لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش کراوە. وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە نامەکەیاندا پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکەیان لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، بە پەرەسەندنێکی زۆر مەترسیدار و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە ناو بردووە. ئەوەشی خستووەتە ڕوو، هێرشەکە بە سەرکەوتووانە لە لایەن بەرگریی ئاسمانیی قەتەرەوە پۆچەڵ کراوەتەوە.
قەتەر، هێرشەکەی سوپای پاسداران بە توندی سەرکۆنە دەکات و بە پێشێلکردنی سەروەری و ئاسمانی وڵاتەکەی و پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکانی وەسف دەکات. هاوکات، بەمافی خۆی دەزانێت، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەڵامی بداتەوە کە هاوتەریب بێت لەگەڵ شێوە و قەبارەی هێرشەکە و هەروەها لەگەڵ پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکان بگونجێت.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر پێی وایە بەردەوامیی کردەی سەربازیی لەم شێوەیە دەکرێت ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە و دەرئەنجامەکەی بۆ هەردوو وڵات کارەستبار دەبێت. هاوکات داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێ بۆ هەموو کردەیەکی سەربازی و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ دەکات.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، 23-06-2025ـی سوپای پاسداران وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، هێرشی مووشەکی کردە سەر بنکەی سەربازیی "عودەید"ـی سەربازانی ئەمەریکا لە قەتەر. وەزارەتی بەرگریی قەتەر ڕایگەیاندووە، هێرشەکە هیچ زیانێکی ماددی و گیانی لێ نەکەوتووەتەوە سەرکەوتووانە پۆچەڵ کراوەتەوە.