ترەمپ: ئیسرائیل و ئێران ئاگربەستیان پێشێل کردووە
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، ئیسرائیل و ئێران ئاگربەستیان پێشێل کردووە و داواش لە ئیسرائیل دەکات، فڕۆکەوانەکانی لە ئێران بگەڕێنێتەوە.
سێشەممە، 24-06-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێش بەڕێکەوتنی بۆ بەشداریی لە لوتکەی ناتو لە لاهای، قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و ڕایگەیاند، زۆر نیگەرانەوە لەوەی ئیسرائیل و ئێران ئاگربەستیان پێشێل کردووە و دووبارە هێرشیان کردووەتە سەر یەکتر.
ترەمپ ئەوەی خستە ڕوو، دوای ئەوەی ئاگربەستی شەڕ چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆری بۆمبی لە ئاسمانی ئێرانەوە خستووەتە خوارەوە و ئەمەش زۆر نیگەرانی کردووە.
سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە بەرپرسانی ئیسرائیل و ئێران کرد پابەندی ئاگربەستەکە بن و دۆخەکە هێور بکەنەوە، چونکە وەکوو خۆی باسی کرد، خەریکە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارام دەبێت.
لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیش، ترەمپ گوتی: ئێران جارێکی دیکە ناتوانێت پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات، چونکە فڕۆکەوانەکانمان بە تەواوەتی بنکە ئەتۆمییەکانیان لەنێو بردووە. باسی لەوەش کرد، هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن هەواڵی چەواشەکاری بڵاو دەکەنەوە و دەڵێن: بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوی لەنێو نەچوون.
سەرۆکی ئەمەریکا، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'تروس سۆشیاڵ' نووسیویەتی "ئیسرائیل چیتر بۆمبارانی ئێران نەکات و خێرا فڕۆکەکانی بگەڕێنێتەوە."
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 24-06-2025، ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووە واری جێبەجێکردنەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ (Truth Social) ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند. بە گوتەی ئەو، ڕێککەوتنەکە "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.