وەزیری تەندروستیی ئێران: لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 600 کەس کوژراون
وەزیری تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە 600 هاووڵاتی کوژراون و نزیکەی پێنج هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئاژانسی میهر بڵاوی کردووەتەوە، محەممەدڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستیی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، لە شەشەمین کۆنفرانسی ناوەندی قەیرانەکان دوا ئاماری قوربانییانی جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی خستەڕوو و گوتی: لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل، 606 کەس کوژراون و پێنج هەزار و 332 کەسی دیکەش برینداربوون و لە ناوەندە تەندروستییەکاندا چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
ئاماژەشی داوە، تەنیا لە 24 کاتژمێری ڕابردوو، 107 کەس کوژراو و هەزارو 342 کەس بریندار بوون، %95ـی قوربانییەکانیش لە ژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانەکاندا بوونە؛ جیا لەمانەش %5 بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان سپاردووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.