ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران: پیشەسازیی ئەتۆمی ڕاناگرین

گوتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران جەخت دەکاتەوە، وڵاتەکەی دەستبەرداری پیشەسازیی ئەتۆمی نابێت.

سێشەممە، 24-06-2025، ئاژانسی هەواڵی 'میهر' لەسەر زاری بێهروز کەمالوەندی، گوتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە "دەبێت هەموو لایەنێک ئەوە بزانێت، پیشەسازیی ئەتۆم لە ئێران ڕەگ و ڕیشەیەکی پتەوی هەیە و ناتوانرێت ئەم پرۆژەیە لە ڕەگەوە هەڵکەنرێت."

کەمالوەندی ئاماژەی بەوەش کرد "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو توانا و تایبەتمەندییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جێبەجێکردنی سروشتی پرۆژەی وزەی ئەتۆم هەیەتی، دەبێت بایەخ و درێژە بە بەرنامەی ئەتۆمی بدرێت، هەر بۆیە هیچ ڕاگرتنێک لە ئارادا نییە."

ساڵی 2018، دوای کشانەوەی ئەمەریکا بەشێوەیەکی تاکلایەنە لە ڕێککەوتننامەی 5+1 بەسەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپ، ئێران لە پەرەپێدانی پرۆژەی وزەی ئەتۆمی بەردەوام بوو، ئەمساڵیش دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا؛ جارێکی دیکە دانوستانەکانی دەست پێ کردەوە، بەڵام پێنج گەڕی دانوستان هیچ بەرهەمیان نەبوو، دواجار لە 13ی ئەم مانگە سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و لە 22ی ئەم مانگەشدا ئەمەریکا بە فڕۆکەی جەنگی B-2 دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی بە مەبەستی کۆتایی هێنان و داخستنی پلانی ئەتۆمی ئێران، بۆمباران کرد.