ئەمڕۆ تاران ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕێت

گۆڕەپانی 'ئینقلاب'
گۆڕەپانی 'ئینقلاب'

لە گۆڕەپانی ئینقلابی تاران بۆ پشتیوانیی هێزە چەکدارەکان و ئۆپەراسیۆنی "بەشارەتی فەتح" ئاهەنگی سەرکەوتن ساز دەکرێت.

کەناڵی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'تێلیگرام' بڵاوی کردووەتەوە، کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 24-06-2025، بە کاتی تاران '05:30 خولەک بە کاتی هەولێر'، لە گۆڕەپانی 'ئینقلاب' بۆ پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە و ئۆپەراسیۆنی "بەشارەتی فەتح" گردبوونەوەیەکی فراوانی جەماوەری و ئاهەنگ بەڕێوە دەچێت.

کەناڵەکە بڵاوی کردووەتەوە "لەم بارودۆخە هەستیارەدا، پشتیوانییەکانی هاووڵاتییان بۆ هێزە چەکدارەکان پەیامێکی ڕوون و ڕاشکاوە ئاراستەی دوژمنان دەکرێت، کە ئێمە نەتەوەی ئیمام حوسێنین و ئێران هەردەم بە سەرکەوتوویی دەمێنێتەوە."

هەروەها داوای لە دانیشتووانی تاران کردووە بە دەم بانگەوازەکەوە بچن و بە فراوانی پشتیوانی لە هێزە چەکدارەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "بەشارەتی فەتح" بکەن.

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، 23-06-2025، سوپای پاسدارانی ئێران بە هەڵدانی 14 مووشەک بە ئاراستەی عودەیدی قەتەر، ئۆپەراسیۆنی "بەشارەتی فەتح"ی دژی هێزەکانی ئەمەریکا جێبەجێ کرد، وەک وەڵامدانەوەیەک بەرانبەر بە بۆمبارانکردنی هەرسێ دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا.

لە دوای هێرشەکانی 13ی ئەم مانگە ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پاش جەنگێکی 12 ڕۆژە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ئاگربەستی جەنگ ڕاگەیەنرا.