پزیشکیان: ئەگەر ئیسرائیل ئاگربەست پێشێل نەکات، ئێران پابەند دەبێت
سەرۆکی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل ئاگربەست پێشێل نەکات ئەوا ئێرانیش پابەندی ئاگربەستەکە دەبێت.
سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە میانەی پەیوەندییەکەی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆک وەزیرانی مالیزیا، ڕایگەیاند: ئێران ئامادەیە بۆ گەیشتن بە مافەکانی بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان.
گوتیشی: ئەگەر ئیسرائیل ئاگربەست پێشێل نەکات ئەوا ئێرانیش پێشێلی ناکات و پابەندی ئاگربەستەکە دەبێت.
پزیشکیان باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی، نیازیان وابوو سوود لە ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران وەرگرن، بەڵام هاووڵاتیانی ئێران سەلماندیان سەرەڕای کێشە و گرفتەکانیان، لە بەرانبەر هێرشی دوژمن یەکدڵ و یەکدەنگ بەرەنگاری بوونەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند. بە گوتەی ئەو ڕێککەوتنەکە "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.