لێدوانەكانی جۆردی ئالبا بۆ كوردستان24 دەنگی دایەوە
وێڤەرتۆن گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی بەرازیل: یاریكردن بەرامبەر مێسی زۆر قورسە
دوای یارییەکەی ئینتەرمەیامی و پاڵمێراس، یاریزانانی مەیامی وەڵامی کوردستان24ـیان دایەوە و قسەكانی جۆردی ئالبا بەرگریكارە كەتەلۆنییەكەی ئینتەر مەیامی بۆ كوردستان24 دەنگی دایەوە.
لە دوایین یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی یانەكان، ئینتەر مەیامی و پاڵمێراس بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان بەرامبەربوون، بەمەش هەردوو یانە راستەوخۆ بۆ قۆناغی 16ـی پاڵەوانێتییەكە سەركەوتن.
جۆردی ئەلبا لە رێگەی كوردستان24 پەیامێكی راگەیاند
جۆردی ئەلبا، بەرگریكاری كەتەلۆنی یانەی ئینتەر مەیامی، لە بەردەم مایكی كوردستان24 جەختی لەوە كردەوە، یارییەكەیان بەرامبەر پاڵمێراس زۆر قورس بوو، دەشڵێت: سەرەڕای سەختی یارییەكە، بەڵام دەرفەتی ئەوەمان هەبوو براوە بین، بەڵام بەدەستهێنانی خاڵێکیش گرنگ بوو.
ئالبا گوتیشی: لە قۆناغی داهاتوو بەرامبەر پاڵەوانی ئەوروپا یاریی دەکەین، لەوانەیە تووشی ئەستەمی ببینەوە، چونکە پاریس تیپێکی باشە، جگە لەوەش لویز ئێنریکی باش ئێمە دەناسێت، ئەگەر بە حەزی من بێت هەرگیز بەرامبەر یانەیەک یاریی نەکەین کە ئێنریکی راهێنەرایەتی دەکات، چونكە ئە پیاوە، راهێنەرێکی نایابە، بەڵام ئێمە یاریزانی باش و تیپێکی باشمان هەیە و دەتوانین نازناوەکە ببەینەوە.
لەبارەی یارییکردنی مێسی لە مۆندیالی داهاتوو، ئالبا گوتی: نازانم مێسی باسی هیچی نەکردووە، بەڵام بە سەیرکردنی ئاست و توانای، هەستدەكرێت ئارەزووی یاریكردنی هەیە، پێموایە دەتوانێت بۆ چەند ساڵی داهاتوو بەردەوام بێت، ئەمەش ئەگەر جەستەی رێگەی بدات، بەڵام بەڕاستی ئەو هێشتا وەکو گەنجێکە! هێشتا جیاوازی راستەقینە دروست دەکات!
فاڵكۆن بۆ كوردستان24: لەگەڵ مێسی هیچ شتێك مەحاڵ نییە
ماكسیملیان فاڵكۆن، بەرگریكاری ئۆروگوایی یانەی ئینتەر مەیامی لە لێدوانێكدا رایگەیاند هەرچی پێویست بوو بەرامبەر پاڵمیراس ئەنجامیان دا، دەشڵێت: ئەوان هێرشی پێچەوانەیان زۆر بوو، لە خولەکەکانی کۆتایی توانیان ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە، پێوسیت ناکات دڵگران بین، یاری بۆ یاری تیپەکەمان باشتر دەبێت و پاریس سانجێرمانیش وەک ئێمەن، بەهەبوونی لیۆنێل مێسی هیچ شتێک مەحاڵ نییە، بەڕاستی هەموو یاریزانێک حەز دەکات لە یانە ئەوروپییەکان یاریی بکات، بەڵام من هێشتا بیرم لە گۆڕینی یانەکەم نەکردووەتەوە، دەمەوێت زیاتر گرنگی بە تواناکانم بدەم.
ئینتەر مەیامی یاریزانێكی دیكەی تۆقێنەری لە پاڵ مێسی هەیە
تادیۆ ئالێندی، خاوەنی گۆڵی یەکەمی ئەم بەرەبەیانەی ئینتەر مەیامی، لە بەرسیڤێكی كوردستان24 رایگەیاند، لەو قۆناغە کارەکەیان بەسەرکەوتوویی ئەنجام دا، دەشڵێت: زۆر دڵخۆشین و بەردەوام دەبین و بیرمان لە بڕینی قۆناغی زیاتر كردووەتەوە"
تادیۆ ئالێندی، زستانی رابردوو بە خواستن لە یانەی سێلتا ڤیگۆی ئیسپانییەوە گواسترایەوە ئینتەر مەیامی، لەگەڵ یانەکە دەدرەوشێتەوە و لە 2025 تا ئێستا بە تۆمارکردنی 8 گۆڵ گۆڵکاری یانەکەیە.
گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی بەرازیل چی بە كوردستان24 گوت؟
ویڤێرتۆن پێرییا دا سیلڤا، گۆڵپارێزی یانەی پاڵمێراسی بەرازیلی لە دوای یارییەكە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند یاریکردن بەرامبەر مێسی و هاوڕێیەکانی زۆر قورس بوو، دەشڵێت: دڵخۆشین توانیمان خاڵێک بەدەست بهێنین.
ویڤێرتۆن گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی بەرازیل ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد ئەوەی ئەوان بیری لێدەکەنەوە یاری داهاتووە کە رەنگە بەرامبەر یانەیەکی وڵاتی خۆیان بێت. دەشڵێت: هەموو کات یاریکردن بەرامبەر یانەیەک خۆت قورسترە وەک لە یانەیەکی دیکە.