موهاجیرانی: گەلی ئێران براوەی ئەم جەنگە بوو
گوتەبێژی حکوومەتی ئێران ڕایگەیاند: ئەو ئەنجامانەی لە ڕووداوەکانی ئەم دواییە بەدەست هاتوون، سەرکەوتنێکی گەورەن بۆ گەلی ئێران.
سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا، گوتی: ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی کە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییە بەدەست هاتوون، لە ئەنجامی خۆڕاگریی جەماوەر و هێزە سەربازییەکانمان بوو.
ئاماژەی بەوە دا، ئیسرائیل زوو درکی بەوە کرد، کە ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەیکات، ناتوانێت لەگەڵ ئێران بیکات.
گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، دەڵێت: پیرۆزبایی سەرکەوتن لە گەل و سەرکردایەتیی ئێران دەکەم، کە توانییان وڵاتەکە لە ئاشتییەکەی سەپێنراو ڕزگار بکەن.
باسی لەوەش کرد، لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە، 62 ئافرەت و منداڵ شەهید بوونە، هەروەها 250ـی دیکەش بریندار بوونە.
جەختی لەوەش کردەوە، هێزە چەکدارەکانمان بە ئازایەتی و کۆڵنەدانی خۆیان، شکۆمەندییان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران گەڕاندەوە.
گوتیشی: ئێمە نەتەوەیەکین کە بە دوای ئاشتیدا دەگەڕێن نەک شەڕ، بۆیە ڕامانگەیاند ئەگەر هێرشەکان بوەستێنرێت، ئەوا هیچ وەڵامێکمان نابێت.
موهاجیرانی، دووپاتی کردەوە، دەست بە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی شوێنە زیانلێکەوتووەکان دەکەین. دەشڵێت: ئەو هاووڵاتییانەی لەم جەنگەدا خانوویان زیانی پێ گەیشتووە، پلاتفۆڕمێکی ئەلیکترۆنی دەکەینەوە و دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند. بە گوتەی ئەو ڕێککەوتنەکە "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.