نەوت گەورەترین دابەزینی هەفتانە تۆماردەکات
لە تەواوی هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنت 5.3% دابەزیوە
K24 - ھەولێر
نرخی نەوت لە کۆتا مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا بە رێژەی 3% دابەزی و لە دوای مانگی حوزەیرانەوە گەورەترین دابەزینی هەفتانەی تۆمارکرد، هۆکارەکەشی بۆ ناڕوونییەکانی بازاڕ دەگەڕێتەوە، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا .
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 3.2% بۆ 42 دۆلار و 66 سەنت دابەزی، هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساس بە رێژەی 3.9% بۆ 39 دۆلار و 77 سەنت دابەزی، جارێکی دیكهی گەڕایەوە ئاستی ژێر 40 دۆلار.
لەسەر بنەمای هەفتانەش نرخی نەوتی خاوی برێنت 5.3% و نرخی نەوتی سووکی تێکساس 7.4% دابەزینیان تۆمارکرد.
ئەمە لە کاتێکدایە رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی لەسەرەتای مانگی ئابەوە دەستیان کردووه بە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە.