ئۆربان: ئەندامێتی ئۆکرانیا، یەکێتیی ئەورووپا دەخاتە ململانێی ڕاستەخۆ لەگەڵ ڕووسیا

ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا نیگەرانی لە بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ڕێکخراوەی یەکێتیی ئەورووپا دەربڕی و دەڵێت: ئامانجی دامەزراندنی یەکێتیی ئەورووپا گەیشتن بە ئاشتی بووە، نەک ململانێ.
ئۆربان لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: یەکێتیی ئەورووپا بۆ هێنانەدی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوەکە دامەزراوە و بە ئەندام وەرگرتنی هەر وڵاتێک، کە لە لەگەڵ ڕووسیا لە جەنگدایە، بە دڵنیاییەوە ڕێکخراوەکە دەخاتە نێو ململانێی ڕاستەوخۆ.
ئاماژەی بەوەش کردووە، "نادادپەروەرییە چاوەڕوانی مەترسییەکی لەو شێوەیە لە هەر وڵاتێکی ئەندام بکرێت".
پەیامەکەی ئۆربان لە وەڵامی داواکارییەکی زێلێنسکی هات، بۆ ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەستپێکردنی دانوستانەکان لەگەڵ کیێڤ خێراتر بکات.
لای خۆیەوە زێلێنسکی هەنگاریایی تۆمەتبار کردووە، بەوەی چەندان جار ڕەتیکردووەتەوە پشتگیری لە هەوڵەکانی بە یەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆوە بکات.
پێشتر ئۆربان ڕایگەیاندبوو، یەکێتیی ئەورووپا هەوڵدەدات پێش ساڵی 2030 ئۆکرانیا بە ئەندام وەرگرێت، بەڵام هەنگاریا قسەی کۆتایی دەبێت. هۆشداریشیدا لەوەی کە ئەم جۆرە هەنگاوە ئابووریی هەنگاریا لەناو دەبات. جەختیشی کردووەتەوە، بەبێ ڕازی بوونی هەنگاریا، کیێڤ هەرگیز ناتوانێت ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا.
لە مانگی شوباتی 2019 هەموارکردنەوەکان لە دەستووری ئۆکرانیادا پێشکەش کرا کە ئاراستەی ئەورووپی و هاوپەیمانیی ناوتۆ بۆ وڵاتەکەی دیاری کردبوو، ئەمەش ئامانجی ستراتیجی وڵاتەکەی دامەزراند کە بەدەستهێنانی ئەندامێتی تەواوەتی لە هەردوو یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ.