ئێران پرسە بۆ فەرماندە و زانا کوژراوەکانی دەگێڕێت

حکوومەتی ئێران، پرسەیەک بۆ ئەو فەرماندە و زانایانەی کە لە جەنگی ئیسرائیلدا کوژراون دەگێڕێت.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، بڵاوی کردووەتەوە، ئێران ڕۆژی شەممەی داهاتوو، لە تاران پرسەیەک بۆ ئەو فەرماندە و زانایانەی کە لە جەنگی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل کوژراون دەگێڕێت.

هەر بەپێی هەواڵەکەی ئیرنا، پرسە بۆ ئەو فەرماندە و زانایانەی لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون، لە ڕۆژی شەممە کاتژمێر 4:30 بەیانی بەکاتی تاران بەڕێوە دەچێت. هەروەها سبەی پێنجشەممەش ڕێوڕەسمی پرسەی حسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران کە لە یەکەم ڕۆژی شەڕدا کوژرا لە ناوەڕاستی ئێران دەگێڕێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر  تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندن باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment