سوپای ئیسرائیل کوژرانی حەوت سەربازی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ڕووداوێکدا لە کەرتی غەززە، حەوت سەربازیان کوژراوە.
سوپای ئیسرائیل لەو حەوت سەربازە، ناوی شەش سەربازی بڵاوکردووەتەوە، کە تەمەنیان لە نێوان 19 بۆ 21 ساڵیدایە و لە کەتیبەی 605ـی ئەندازیاری جەنگن، کە ئەو کەتیبەیە تایبەتە بە ڕووخاندنی تونێل و ژێرخانی سەربازی، هەروەها هەڵگرتنەوەی بۆمب و کردنەوەی ڕێگا بۆ سەربازان و زرێپۆشەکان لەکاتی شەڕدا.
سوپای ئیسرائیل ناوی کوژراوی حەوتەمی ئاشکرا نەکردووە و هیچ ڕوونکردنەوەیەکیشی لەسەر چۆنیەتی کوژرانی ئەوسەربازانە نەداوە.
بەگوێرەی داتاکانی سوپای ئیسرائیل، لە دەستپێکی شەڕی غەززەوە تاوەکوو ئێستا 430 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون.
لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەگوێرەی ئاماری فەرمی ئیسرائیل، 1219 کەس کوژران، لەبەرانبەردا ئیسرائیل هێرشی چڕی کردە سەر غەززە و خانوو باڵەخانەیەکی زۆری ئەو شارەی خاپوور کرد و 56 هەزار و 77 کەسیش کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن کوژراون، هەروەها دەیان هەزار کەسیش برینداربوون و بێ سەروشوێن بوون.