متمانەی بانکە ناوەندییەکان بە دۆلار کەمدەبێتەوە

بەهۆی چەندین فاکتەرەوە دۆلاری ئەمەریکی لەژێر گوشارێکی سەختی دابەزینە

K24 - ھەولێر

لێکەوتە و مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئابووری جیهان، گۆڕانکاری ریشەیی لە نەخشەی یەدەگی بانکەکانی جیهان دروستکردووە، وەک یەدەگکردنی زێڕ یاخود دراوە بیانییەکان، بە جۆرێک بە گوێرەی داتا و راپۆرتەکان پشکی دۆلاری ئەمەریکی لە تێکڕای یەدەگی نێودەوڵەتی کەمی کردووە، لە بەرامبەردا پشکی یۆرۆی ئەوروپی و یوانی چین بەرزبوونەتەوە.

لە نوێترین راپۆرتدا، دامەزراوەی مۆرگان ستانلی بۆ خزمەتگوزاری دارایی و وەبەرهێنان بڵاویکردووەتەوە، بەرزبوونەوەی ئاستی وەبەرهێنانی بیانی لە بازاڕەکانی چین وایکردووە بەکارهێنانی یوان زیاد بێت، لە 10 ساڵی رابردوو بێتە پلەی سێیەمی یەدەگی بیانی لە بانکە ناوەندییەکان وەربگرێت دوای دۆلار و یۆرۆ.

بە گوێرەی راپۆرتەکە یوانی چینی نزیکەی 2% یەدەگی قەواڵەی دراوە بیانییەکان لە جیهان پێکدەهێنێت، بەڵام ئەو رێژەی تاوەکو 2030 بۆ 5% بۆ 10% بەرزدەبێتەوە و پێش یەنی ژاپۆنی و پاوەندی بەریتانی دەکەوێت.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، کە پێشبینییەکان بۆ ئاستی 5% بۆ 10% نزیکە لە واقیعەوە هۆکارەکەشی بۆ کرانەوەی بازاڕی دارایی چین و گەشانەوەی بازاڕی سەرمایەداری چین بۆ وڵاتانی دیکە لە رێگەی پشک و سەقامگیری داهاتی تاک دەگەڕێتەوە، هەروەها زیادبوونی مامەڵە بازرگانییەکان لە دەرەوەی چین بە یوان، وایکردووە بانکەکان یوانی چینی لە یەدەگەکانیان زیاد بکەن.

مۆرگان ستانلی لە راپۆرتەکەی ئاشکرای کردووە، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2019 نزیکەی 70 بانکی ناوەندی لە سەرجەم ولاتانی جیهان یوانی چینیان یەدەگکردووە، لە کاتێکدا، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2018 تەنیا 60 بانک یوانیان یەدەگ کردبوو.

لە هەمان کاتدا و لە چەندین ساڵی رابردوودا، حکوومەتی چین بەردەوام هەوڵەکانی چڕ کردووە بۆ ئەوەی بەکارهێنانی یوان زیاتر بێت و رێگەی بە دامەزراوە داراییە بیانییەکان داوە کە بێن و لە بازاڕی ناوخۆی وڵاتەکە کار بکەن.

لە ساڵی 2015ـەش سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی هەنگاوێکی گرنگی گرتە بەر و یوانی لە سەبەتەی یەدەگی دراوە سەرەکییەکان بە ناوی (مافی کشانەوەی تایبەت) زیاد کرد، هەروەها لە راپۆرتەکەدا پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021 بەهای  ئەو دراوە چینییە بەرامبەر دۆلارێک بۆ 6.6 یوان بەرزبێتەوە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی بانکی ناوەندی ئەوروپا، بەکارهێنانی یۆرۆ بە شێوەیەکی گشتی سەقامگیر بووە، بەڵام پێشبینی دەکەن خواست بۆ ئەو دراوە ئەوروپییە بەرزبێتەوە.

بانکی ناوەندی ئەوروپا لە هەڵسەنگاندنێکدا بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2019 دراوی یۆرۆ نزیکەی 20.5%ی کۆی یەدەگی دراوی بیانی پێکهێناوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2018 رێژەکە 20.3% بوو.

هاوکات بە گوێرەی داتاکانی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی پشکی دۆلار لە یەدەگی وڵاتان دابەزیوە و تاوەکو ساڵی رابردوو بەو شێوەیە بووە 61.63% پشکی دۆلار، بەرامبەر 20.35% یۆرۆ، 5.41% یەنی ژاپۆنی، 4.43% پاوەندی بەریتانی و 1.79 یوانی چین.

بەهۆی چەندین فاکتەرەوە دۆلاری ئەمەریکی لەژێر گوشارێکی سەختی دابەزینە بەرامبەر سەبەتەی شەش دراوە سەرەکییە، کە سەرەکیترینیان ئەو کورتهێنانە گەورەی تەرازووی بازرگانی ئەمەریکایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە یەدەگی دراودا بە شێوەیەکی نابەرامبەردا باڵادەستی سەرجەم دراوەکانە.