سوپای ئیسرائیل ڕووبەڕووی کەمی چەک بووەتەوە

کەناڵی ئێن بی سی نیوز بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل ڕووبەڕووی کەمی هەندێک چەکی گەورە بووەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا هەوڵدەدات ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران بپارێزێت.

بەرپرسانی ئەمەریکا بە کەناڵەکەشیان گوتووە "سوپای ئیسرائیل تووشی کەمی تەقەمەنی بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەهۆی فشارەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دوای 12 ڕۆژ لە هێرشەکان."

هەر لەوبارەیەوە گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل، ئامادەنەبوو سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی کەمی چەکی سوپای وڵاتەکەی هیچ بڵێت.

هاوکات جەیمس کیلبی، سەرۆکی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکان بە وەکالەت لە ئەمەریکا، لەبەردەم ئەنجوومەنی پیران گوتی: هێزی دەریایی ئەمەریکا هێشتا مووشەکی پێویستی هەیە بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل، بەڵام خێرایی بەکارهێنانیان مەترسیدارە.