دەنگدەرانی ئەمەریکا کاندیدێکی موسڵمانیان بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی نیویۆرک هەڵبژارد

زەهران مەمدانی، کاندیدێکی موسڵمان لە حزبی دیموکراتەکان توانی لە هەڵبژاردنی سەرەتایی سەرۆکایەتیی شارەوانیی نیویۆرک سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و لە ئەندرۆ کومۆ، حاکمی پێشووی نیویۆرک بباتەوە.

دوای ئەوەی زیاتر لە 95%ی دەنگەکان هەژمارکران، شەوی ڕابردوو ئەندرۆ کومۆ بە لایەنگرانی گوت: "ئەمشەو شەوی ئێمە نەبوو" ئاماژەی بەوەش کرد، زەهران مەمدانی سەرکەوتنی بەدەست هێنا، ئەمەش دانپێدانانی پێشوەختە بوو بە ئەنجامەکە، هەرچەندە بە فەرمی ڕانەگەیەندرابوو.

زەهران مەمدانی، کە نوێنەرایەتی ناوچەی کوینز لە ویلایەتی نیویۆرک دەکات، زیاتر لە 43%ـی دەنگەکانی بەدەست هێنا، لە بەرانبەردا ئەندرۆ کومۆ 36%ی دەنگەکانی بەدەست هێنا.

زەهران مەمدانی لە ساڵی 1991، لە ئۆگەندا لە بنەماڵەیەکی بەڕەچەڵەک هیندی لەدایک بووە ، بە منداڵی کۆچی کردووە بۆ ئەمەریکا و لە ویلایەتی نیویۆرک گەورە بووە .

کوڕی بیرمەند و دەرهێنەری ناسراوی ئۆگەندایی-هیندی مەحموود مەمدانی و نووسەر و ڕۆژنامەنووس میریام بیرنبومە.

پێش ئەوەی بچێتە ناو سیاسەتەوە، مەمدانی، وەک ڕێکخەری کۆمەڵگا و شۆفێری تاکسی کاری کردووە، هەروەها بە چالاکییەکانی لە پرسەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نیشتەجێبوون و مافی کۆچبەران ناسرابوو.

مەمدانی خۆی بە "پێشکەوتنخوازێکی موسڵمان" دەناسێنێت و بانگەشە بۆ چاکسازی ڕیشەیی دەکات، لەوانە یەکسانی ئابووری، گواستنەوەی گشتی بێبەرانبەر، قەدەغەی بەرزکردنەوەی کرێ، و فراوانکردنی بەرنامەکانی پێش قوتابخانە و باخچەی ساوایان. هەروەها کەسایەتییە دیارەکانی چەپەکانی وەک سیناتۆر بێرنی ساندەرز و ئەلێکساندرا ئۆکاسیۆ کۆرتێزی، بە توندی پشتگیرییان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی کردووە لە گەڕەکە میللییەکانی شارەکەدا.