ئێران: دوای ڕاگرتنی شەڕ، دۆخی ئینتەرنێت ئاسایی دەبێتەوە
دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 12 ڕۆژی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئینتەرنێت سنووردار کرابوو، ئێستا وردە وردە ئەو سنووردارکردنە هەڵدەگیرێت.
چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، بەرپرسی ئەمنی ئەلیکترۆنی سوپای پاسداران، لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: تۆڕی پەیوەندی وردە وردە دەگەڕێتەوە دۆخی پێشوو.
هەروەها ستار هاشمی، وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران ڕایگەیاند، لەگەڵ ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە، دۆخی پەیوەندییەکانیش ئاسایی دەبێتەوە و وەکوو پێشتری لێ دێتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، فاتیمە موهاجیرانی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات ڕایگەیاند: "ئێمە لە خاڵێکی درەوشاوەی مێژووداین، حکوومەت ئەرکێکی لەسەر شانە کە هاوکاریی ئەو کەسانەی ئازیزانیان لەدەست داوە، بکات.
موهاجیرانی، ئاماژەی بەوەدا، دامەزراوەی نیشتەجێبوون بەرپرسیارە لە ئاوەدانکردنەوەی خانووە زیانلێکەوتووەکان. گوتیشی: لە ئەمڕۆوە وردە وردە گەشتەکان لەو ناوچانە دەست پێ دەکاتەوە کە پارێزراوترن، هەروەها وەزارەتی پەیوەندییەکان ڕایگەیاند، ئینتەرنێت لەسەر هێڵە جێگیرەکان ئاسایی بووەتەوە و هێڵەکانی مۆبایلیش تا کۆتایی ئەمڕۆ ئاسایی دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: "لە هێرشەکانی ئەم دواییە 62 ئافرەت و منداڵ کوژراون و 250 ئافرەت و منداڵی برینداریش لە نەخۆشخانە خەوێندراون."
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ڕۆژی سێشەممە، 24-06-2025، ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووە واری جێبەجێکردنەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوای لە هەردوولا کرد، پابەندی ئاگربەستەکە بن، تا ئاشتی لە ناوچەکە بەدی بێت.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت. لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.