زێلێنسکی: لەگەڵ ترەمپ دیدارێکی باش و بنیاتنەرم هەبوو
سەرۆکی ئۆکرانیا، دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا بە ئەرێنی و بنیاتنەر پێناسە دەکات و دەڵێت: گفتوگۆمان لەبارەی ئاگربەست و ئاشتیی ڕاستەقینە کرد.
چوارشەممە 25ـی حوزەیرانی 2025، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە پەراوێژی لوتکەی ناتۆ لە شاری لاهای لە هۆڵەندا، دیدارێکی 50 خولەکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەبوو.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نوسیوویەتی: لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دیدارێکی ئەرێیی، باش و بنیاتنەرم هەبوو، باسمان لە ڕێگەکانی گەیشتن بە ئاگربەست و ئاشتیی ڕاستەقینە لە ئۆکرانیا کرد.
سەرۆکی ئۆکرانیا، دەڵێت: لەگەڵ ترەمپ باسم لە کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمەریکی و دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە هاوبەشیی هەردوو وڵات کرد.
بەرپرسێکی باڵای سەرۆکایەتیی ئۆکرانیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، زێلێنسکی لەو دیدارە ڕازییە و سوپاسگوزاری ترەمپە.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاش، دیدارەکەی خۆی لەگەڵ زێلێنسکی بە ئەرێیی پێناسە کرد و گوتی: لەگەڵ زێلێنسکی هەندێک جار بە کاتی سەخت و دژواردا تێپەڕیوین، بەڵام زێلێنسکی نەیدەتوانی لەوە نەرمونیانتر بێت.
ئەمە یەکەم دیداری نێوان هەردوو سەرۆکە لە دوای کۆبوونەوە کورتەکەی مانگی نیسانی ڕابردوو لە ڕۆما، لە پەراوێزی پرسەی پاپا فرانسیس.
ئۆکرانیا، کە زیاتر لە سێ ساڵە ڕووبەڕووی لەشکرکێشی ڕووسیا بووەتەوە، هەزاران سەربازی لێ کوژراوە، بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانی، زۆر پشت بە پشتیوانیی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا دەبەستێت.