ئێران دەستپێکردنەوەی بەشێکی گەشتە ئاسمانییەکانی ڕاگەیاند
دەسەڵاتدارانی ئێران بەشێکی ئاسمانی وڵاتەکەیان بەڕووی گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا کردەوە، دوای ئەوەی هاتوچۆی ئاسمانیی لە ماوەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، ڕاگرت.
دەسەڵاتدارانی ئێران بەشێکی ئاسمانییان بەڕووی گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا کردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی جەنگی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، هاتوچۆی ئاسمانییان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە ڕاگرت.
ماجد ئەخەوان، گوتەبێژی وەزارەتی ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، کە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران بڵاوی کردۆتەوە، ڕایگەیاند "بە پشتبەستن بە بڕیارێکی لێژنەی هەماهەنگیی فڕۆکەوانیی مەدەنی و سەربازیی، ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنی و دوای هەڵسەنگاندنی وردی ئەمنیی و سەلامەتی، بڕیار درا ئاسمانی نیوەی ڕۆژهەڵاتی وڵات بکرێتەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکە جگە لە گەشتە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، گەشتەکانی ترانزێتی نێودەوڵەتیش دەگرێتەوە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران، دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاندبوو "ماوەی داخستنی ئاسمانی ئێران تا کاتژمێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە درێژ دەکاتەوە."
ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران، ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیران، ڕاگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە هەموو فڕۆکەخانەکانی ئێران، تا ئاگادارکردنەوەی دیکە ڕاگەیاندبوو، ئەمەش دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.