حەوت حاڵەتی نوێی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای بەسرە تۆمار کران
لە شارۆچکەی زوبێر، لە پارێزگای بەسرە، حەوت حاڵەتی پشتڕاستکراوەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمار کراون. هاوکات لایەنە تەندروستییەکان دەستیان کردووە بە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە.
سەرچاوەیەکی پزیشکی بەمیدیای ناوخۆیی عێراقی ڕاگەیاند، "لە چەند کاتژمیری ڕابردوودا حەوت حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە شارۆچکەی زوبەیر لە پارێزگای بەسرە تۆمار کراون"، ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو تووشبووان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و ئێستا لەژێر چاودێریدان، هەروەها ڕێکاریی پزیشکی پێویست بەرانبەریان گیراوەتەبەر."
لەم بارەوە عەلی عەبادی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە ڕاگەیاند "ناوبەناو حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمار دەکرێت." گوتیشی: پێشتر هۆشداریمان دابوو لە پەرەسەندنی ئەم پرسە تەندروستییە مەترسیدارە.
ڕوونیشی کردەوە "لیژنەکە، چەندان جار فەرمانی بە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کردووە، بەتایبەت شارەوانی، کە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکارەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند لەدژی ئەو دیاردانەی کە هۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوونن."
عەلی عەبادی دەشڵێت: کارکردن لەسەر بەرەنگاربوونەوەی هۆیەکانی نەخۆشییەکە لە ڕۆژانی مانگی موحەڕەمدا بەردەوام دەبێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ ڕێگریی لە زیادبوونی ژمارەی تووشبووان."