تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی: مافی گواستنەوەی دۆسیەی گیراوانی لالەزار پێشێل کراوە
تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی رایانگەیاند، مافی یاسایی بۆ گواستنەوەی دۆسیەی گیراوانی لالەزار پێشێل کراوە و داوا دەکەن دۆسیەکە رادەستی دادگای پێداچوونەوە (تەمیز) بکرێت.
یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2026، تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، ناوەرۆکی دوو تەوەری سەرەکییان خستە روو.
لە خاڵی یەکەمدا، تیمی پارێزەران ئاماژەیان بەوە کردووە، دۆسیەی گیراوانی لالەزار وێناکردنی قۆناخێکی دژوارە، کە تێیدا بە گوتەی ئەوان "هەژموونی حزبی و هێزی چەکدار هەوڵی کپکردنی دەنگی خەڵک دەدەن".
لە خاڵی دووەمیشدا، تیمەکە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە سەرجەم گیراوانی لالەزار ئێستا وەک "بارمتەی حزبی" مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و بەرپرسیاریەتیی دۆخەکەیان لە ئەستۆی ئەو لایەنانەدایە کە ئەو سزایانەیان بەسەردا سەپاندوون.
هاوکات تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی داوا دەکەن دۆسیەی گیراوانی لالەزار رادەستی دادگای بەدواداچوون "تەمیز" بکرێت و پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان بە شێوەیەکی یاسایی و تەنیا لەسەر بنەمای ئەو بەڵگانە بەڕێوەبچێت کە لەبەردەستدان.
رووداوەکانی هۆتێل لالەزار دەگەڕێتەوە بۆ بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، کاتێک هێزەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێرشیان کردە سەر ئەو هۆتێلە لە شاری سلێمانی. لەو رووداوەدا دوای چوار کاتژمێر لە پێکدادانی چەکداری لە نێوان ئەو هێزانە و چەکدارانی هێزی تایبەتی بەرەی گەل بە بەکارهێنانی چەکی قورس، چەندین چەکدار لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان کەسی دیکە دەستگیر کران. لەوکاتەوە لاهوور شێخ جەنگی و بەشێک لە راگیراوەکانی دیکە لە زیندان ماونەتەوە.