خامنەیی: ئەمەریکا لەترسی لە ناوچوونی ئیسرائیل هاتە ناو جەنگەکەوە
پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2025، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، پیرۆزبایی سەرکەوتنتان لێ دەکەم بەسەر ئیسرائیلدا.
بەشێکی پەیامەکەی خامنەیی
بە ئەرکی خۆم دەزانم چەند پیرۆزباییەک لە گەلی ئێران بکەم، یەکەمیان پیرۆزبایی سەرکەوتنیان بەسەر ئیسرائیلی ساختەدا لێ دەکەم.
سەرەڕای ئەو هەموو ژاوەژاو و پڕوپاگەندە و تۆمەتانە، ئیسرائیل نزیک بوو بەهۆی هێرشەکانی ئێران دابڕمێت.
دووەم پیرۆزبایی پەیوەندی بە سەرکەوتنی ئێران بەسەر ئەمەریکاوە هەیە. دەشڵێت: ئەمەریکا ڕاستەوخۆ هاتە ناو شەڕەکەوە چونکە هەستی دەکرد ئەگەر نەچێتە ناو جەنگەکەوە ئیسرائیل بە تەواوی لەناو دەچێت. بەڵام لەم شەڕەدا هیچ قازانجێکی نەکرد.
لێرەشدا کۆماری ئیسلامی سەرکەوت و لە بەرامبەردا زلەیەکی توندی لە ئەمەریکا دا.
پیرۆزبایی سێیەم پیرۆزبایی یەکڕیزی و یەکگرتوویی نائاسایی گەلی ئێرانە.
سوپاس بۆ خوا، میللەتێکی نزیکەی 90 ملیۆن کەسی یەکگرتوو وەستابوون، بە یەک دەنگ، شان بە شانی یەکتر، بێ ئەوەی هیچ جیاوازییەک لە داواکاری و نیازەکانیان هەبێت، لە کناری یەکتر وەستان و دروشمیان گوتەوە، قسەیان کرد، پشتگیرییان لە هێزە چەکدارەکان کرد، لەمەودواش هەر بەو شێوەیە دەبێت.
میللەتی ئێران لەم بابەتەتدا گەورەیی و سیمای هەڵکەوتوو و دیار و بەرچاوی خۆی نیشان دا وسەلماندی کە لە کاتی پێویستدا ئەم گەلە یەک دەنگە و سوپاس بۆ خوا کە ئەمە ڕووی دا.