عراقچی: هیچ ڕێککەوتنێک لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن نییە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، ئەمەریکییەکان لە دوایین کۆبوونەوەدا هەوڵیان دا ناچار بە دەستبەرداربوون لە مافەکانمان بین، بەڵام ئێمە سازشمان نەکرد و ئەو خواستەیان نەهاتەدی، هەر بۆیەش بڕیاری شەڕیان دا و ڕێگەیان بە ئیسرائیل دا هێرش بکاتە سەر ئێران.

پێنجشەممە 26ـی حوزەیرانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی، گوتی: تا ئێستا هیچ لێکتێگەیشتنێک نییە لەبارەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ واشنتن.

وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە دا، ئەمەریکا ڕێڕەوی دیپلۆماسی بۆ شەڕ گۆڕی، هەروەها هەڵوێستی دژبەیەک لە ترەمپەوە دەبیستین.

دەشڵێت: ئەمەریکییەکان بێ هیوا بوون لە گەیشتن بە ئامانجەکەیان لە ڕێگەی دانوستانەکانەوە، بۆیە ڕێگەیان بە ئیسرائیل دا هێرش بکاتە سەرمان.

باسی لەوەش کرد، ئێران سەرەتا داوای ئاگربەستی نەکرد، هەروەها پێش ئەوەی ئیسرائیل هێرشەکانی بوەستێنێت، ئێمە قبووڵمان نەکرد هێرشەکانمان بۆ سەر ئەو وڵاتە بوەستێنین.

گوتیشی: ئێمە وڵاتانی نێوەندگیرمان ئاگادار کردەوە کە هەر پێشێلکارییەکی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە بکرێت، ئەوا ئێمە وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوەمان بۆ ئیسرائیل دەبێت.

عەباس عراقچی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی ئاشکرا کرد، ئەمەریکا بە یارمەتیدانی ئیسرائیل و هێرشکردنە سەر ئێران، خیانەتی لە دیپلۆماسییەت و دانوستان کرد. دەشڵێت: تاران هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات، کە ئایا دیپلۆماسی لەگەڵ واشنتن لە بەرژەوەندیی ئێران دایە یان نا.

ئاماژەی بەوەش کرد،  ئیسرائیل بەو هێرشانەی کە کردییە سەر ئێران، دەیویست خۆمان ڕادەست بکەین، بەڵام وەک بینیتان ئێران هەرگیز ڕادەست نەبوو.

لەبارەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە ڕایگەیاند: بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە، ئێمە ئێستا بیر لەوە دەکەینەوە داوای قەرەبوو بکەینەوە.

جەختی لەوەش کردەوە، ئێران لە کاتێکی وەک ئێستا ڕەتی دەکاتەوە پێشوازیی لە ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکات.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.

دوای 12 ڕۆژ لە بەردەوامیی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەرەبەیانی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.