ڕووسیا: پێشڕەوییەکانی ناتۆ لەسەر سنوورەکانمان، ئەورووپا دەخاتە مەترسییەوە

باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە لەندەن، بەریتانیای بە پاڵنانی کارنامەی ڕووبەڕووبوونەوە لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە لاهای تۆمەتبار کرد،
باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە لەندەن ڕایگەیاند، بەریتانیا ئاڵای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ڕووسیا لە لوتکەی ناتۆدا هەڵگرتبوو.
باڵیۆزخانەکە ڕوونیکردەوە، ئەوەی بە "هیستریای دژی ڕووسیا" وەسفی کرد، پێچەوانەی ئەو ئامانجانەی ئاسایشی نیشتمانییە کە بەریتانیا بە فەرمی بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت.
باڵیۆزخانەی ڕووسیا دووپاتی کردەوە، پێشڕەوی ژێرخانی سەربازی ناتۆ بەرەو سنوورەکانی ڕووسیا و چەکدارکردنەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆتاییدا دەستکەوتەکانی ئاشتی لە دەست دەدات و کیشوەری ئەورووپا دەخاتە مەترسیدارترین قۆناغی دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، سەرکردەکانی 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا لە کۆبوونەوەی لوتکەی برۆکسل، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی سزاکانیان بۆ سەر ڕووسیا بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە شوباتی 2022، یەکێتیی ئەورووپا 17 پاکێجی سزای بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، هەر شەش مانگ جارێک بە بڕیاری کۆی دەنگی 27 وڵاتی ئەندام نوێ دەکرێتەوە. ئەم بڕیارە بەو مانایەیە کە سزا هەمەلایەنەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕی ئۆکرانیا سەپێنراون، لەوانەش بلۆککردنی زیاتر لە 234 ملیار یۆرۆ .