پزیشکیان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل نەیتوانی بەشداریی له لوتکەی ئۆراسیا بێت

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بە ڤیدیۆکۆنفرانس بەشداریی لوتکەی ئۆراسیای کرد و ڕایگەیاند، هێرش و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی وڵاتەكهی بووە هۆی هەڵوەشانەوەی سەردانەکەی و بەشداریكردنی لە لوتکەی یەکێتیی ئابووری ئۆراسیا لە بێلاڕووس.
پزیشکیان ئەمڕۆ هەینی 27ـی حوزەیرانی 2025، لە تاران بە پەیوەندی ڤیدیۆیی قسەی بۆ بەشداربووانی لوتکەکە کرد و ئاماژەی بە جەنگی 12ـی ڕۆژەی نێوان وڵاتەکەیی و ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند، بە گوێرەی ماددەی 51ی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ بەرگرییان لە خەڵک و دەسەڵات و خاکی ئێران کردووە. گوتیشی: ئەگەر لە زێدەڕۆییەکانی ئیسرائیل بێ وەڵام بوونایە، دوور نەبوو جەنگەکە سەراپای ناوچەکەی بگرتبایەوە.
ڕاشیگەیاند، بەهۆی پێشهات و گۆڕانکارییەکان، دەرفەتی بەشداربوونی لە لوتکەی ئۆراسیا نەبووە. گوتی: لە 13ـی ئەم مانگە ئێران کەوتە بەر هێرشێکی دڕندانەی ئیسرائیل و دواتریش ئەمەریکا، لە کاتێکدا لەگەڵ ئێران لە دانوستانی ناڕاستەوخۆدا بوو، هێرشی کردە سەر بەرنامەی ئاشتییانە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دامەزراوەکان لە ژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بوون.
ئاماژەشی دا، هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا پێشێلکارییەکی زەقی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بوون، ئەمەش زیانێکی زۆر و قەرەبوونەکراوەیه، هاوکات هێرشەکەی ئەمەریکا کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی یاسایشی نێودەوڵەتییە، پێگە و متمانەی ئەنجوومەنەکەی خستووەتە ژێر پرسیار و گومان.
سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت: بەهۆی هێرشە تاوانکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران، کە لە دەرەوەی شوێنی ئەرکەکانیان بوون، لەگەڵ بە ئامانجگرتنی مامۆستایانی زانکۆ و هاووڵاتییانی ئاسایی و بۆمبارانکردنی شوێنی نیشتەجێ بوون و مەدەنی، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی ئێران کوژران و بریندار بوون.
لوتکەی ئەنجوومەنی ئابووری ئۆڕاسیا دوێنێ پێنجشەممە، 26ـی حوزەریرانی 2025، لە مینسکی پایتەختی بێلاڕووس بە بەشداری دوو هەزارو 700 کەسایەتیی لە 33 وڵات دەستی بە چالاکییەکانی کرد و ئەمڕۆ دووەم ڕۆژی لوتکەکەیە، کە پێنج تەوەری سەرەکی لە خۆ دەگرێت:کوالێتی بازاڕگەری ناوخۆی یەکێتیی ئابووری ئۆراسیا، ئاڵوگۆڕی دیجیتاڵی، پەیوەندیی ناوخۆی ئۆراسیا، پەرەپێدانی ستراتیژی و توانای تەکنەلۆژیا و هاوکاری.