شەپۆلێکی گەرمای بە تین ناوچەی دەریای ناوەڕاست دەگرێتەوە

شارەزایانی کەشوهەوا هۆشداریی دەدەن، کە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا شەپۆلێکی گەرمای بەیتن لە دەریای ناوەڕاستەوە بڵاو بووەتەوە و نیمچە دورگەی ئیبیریا تا دەگاتە بەلکان و یۆنانیش گرتووەتەوە.
بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا ئامادەکاریی دەکەن بۆ خۆپاراستن لە شەپۆلێکی گەرمای بەتین، کە پلەکەی دەگاتە 40 پلەی سەدی، بەم هۆیەوەش هۆشداریی بە دانیشتووان و گەشتیاران دەدرێت تا نزیکی دارستانەکان نەکەونەوە، بۆ ئەوەی لە مەترسی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان پارێزراو بن.
ئەو شەپۆلە گەرمایە بە تینە لە دەریای ناوەڕاستەوە بڵاو بووەتە و نیمچە دورگەی ئیبیریا تا دەگاتە بەلکان و یۆنانی گرتووەتەوە. لە کاتێکدا زانیان هۆشداریی دەدەن لە گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، ملیۆنان کەس لە ئەمەریکا تووشی شەپۆلێکی گەرمی توند دەبن کە لەلایەن دەزگای کەشوهەوای نیشتمانییەوە بە شەپۆلێکی گەرمای "زۆر مەترسیدار" پێناسە کراوە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا، لە نێویاندا نیویۆرک و واشنتۆن دی سی.
بە پێی ئاژانسەکە، لە ئیسپانیا، تیمە پزیشکییەکان خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی چاوەڕوانکراوی پلەکانی گەرما ئامادە دەکەن، کە مەترسییەکە زیاتر کاریگەری لەسەر منداڵان، بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەبێت.
ئاژانسی چاودێریی کەشوهەوا لە پرتوگال ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژی شەممەوە شەپۆلێکی گەرما ڕوو لە وڵاتەکەی دەکات و پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە باشوور و باکوور 40 پلەی سیلیزی تێپەڕێنن.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕۆژی یەکشەممە کەشوهەوا گەرمتر دەبێت و دوو لەسەر سێی وڵاتەکە دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە شاری لیشبۆنەی پایتەخت بگاتە 42 پلەی سیلیزی.
بە پێی زانیارییەکان لە فەرەنسا زیاتر لە هەفتەیەکە شەپۆلی گەرمای بە تین ڕووی لە وڵاتەکە . ڕۆژی هەینی چوار ناوچەی باشووری ئەو وڵاتە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بگاتە 39 پلەی سیلیزی لە ناوخۆی وڵاتدا.