گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ ئەورووپا دەستی پێکردەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 27ـی حوزەیرانی 2025، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە دەستپێکردنەوەی گەشتی ڕاستەوخۆ بۆ کۆپنهاگن، گەشتەکانی هەولێر بۆ وڵاتانی ئەورووپا دەستی پێکردەوە و سبەیش گەشت بۆ لەندەن دەست پێدەکاتەوە.

لەوەند مەمووندی، سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە دوای گەشتەکەی کۆپنهاگن، سبەی شەممە 28ـی حوزەیرانی 2025، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەشتەکان بەرەو ئەڵمانیا، لەندەن و هۆڵەندا دەست پێدەکاتەوە. گوتیشی: بەشێک لەو هاووڵاتییانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەورووپاوە گەڕابوونەوە بەهۆی داخرانی ئاسمانی ناوچەکە گیریان خواردبوو، نەیان دەتوانی بگەڕێنەوە ئەورووپا، بەڵام ئێستا بەبێ کێشە و گرفت لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە دەتوانن ڕاستەوخۆ گەشتی وڵاتەکانیان بکەنەوە.

هەروەها داوای لە کۆمپانیاکانی دیکەی فڕۆکەوانی و هێڵە ئاسمانییەکان کرد، بگەڕێنەوە و لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەست بە گەشتەکانیان بکەنەوە.

سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا، لە فڕۆکەخانەی هەولێر ڕۆژانە 70 گەشتی چوون و هاتن، بەهۆی جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران هەڵوەشابوونەوە، کۆی گشتیی گەشتەکانی هەڵوەشابوونەوە بە گوێرەی ئاماری فەرمی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن هەزار و 200 گەشت بوون.

هەروەها ڕایگەیاند، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بە زیادکردنی ژمارەی گەشتەکانیان دەتوانن قەرەبووی گەشتە هەڵوەشاوەکانی دوو هەفتەی ڕابردوو بکەنەوە، هەر بۆیە هەوڵ دەدەین لە هەفتەی داهاتووەوە ژمارەی گەشتەکان زیاد بکەین و ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی پلیتی گەشتەکان بگرین.

 
 
Fly Erbil Advertisment