عێراق گرێبەستێک بە قەبارەی 80 ملیۆن دۆلار لەگەڵ سوید واژۆ دەکات

"پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات پەرەی سەندووە"

K24 - ھەولێر

ئەحمەد ئەل کەمالی، باڵیۆزی عێراق لە ستۆکهۆڵم رایگەیاند، وەزارەتی کارەبای عێراق گرێبەستێک بە قەبارەی 80 ملیۆن دۆلار لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیا سویدییەکان بۆ دامەزراندنی وێستگەی کارەبا واژۆ دەکات.

ئەل کەمالی راشیگەیاند، دوای بەستنی کۆنفڕانسی پەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراق کە ساڵی 2008 سوید میوانداری کردبوو، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات پەرەی سەندووە، ئەگەر دۆخەکە لەبار بێت و وڵاتانی ئەوروپاش لەسەری رێککەوتن، ئەگەری هەیە جارێکی دیکە کۆنفڕانسەکە لە بەغدا ببەسترێتەوە.

باڵیۆزی عێراق ئاشکراشی دەکات، گرێبەستێکی نوێ لە نێوان وەزارەتی کارەبا یەکێک لە کۆمپانیا سویدییەکانی تایبەت بە خزمەتگوزاری وزەی کارەبایی واژۆ دەکرێت، کە بە گوێرەی گرێبەستەکە چوار وێستگە لە کۆی 24 وێستگە بە توانای 132 کیلۆ ڤۆڵ لە ناوچەی بوب ئەلشام لە بەغدا و ناوەڕاستی کوت و دیوانیە هەروەها ئەلحەیانییە لە بەسرە بە گوژمەی 80 ملیۆن دۆلار دروست دەکرێن.

ئەل کەمالی هیواشی خواست، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەنێوان دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی و هاوتا سویدییەکەی واژۆ بکرێت، بۆ ئەوەی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان بەغدا و ستۆکهۆڵم دەست پێبکرێت.