لاریجانی: نابێت ڕێگە بە گرۆسی بدرێت سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات

عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران
عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران

ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت: سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم خیانەتی کردووە و نابێت ڕێگەی پێ بدرێت سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات.

شەممە، 28ـی حوزەیران 2025، عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەراوێزی بەخاکسپاردنی فەرماندە و زانا ئیرانییەکان، لە لێدوانێکدا، باسی لەوە کرد، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆکار بوو تا ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران.

ڕاوێژکاری خامنەیی ئاماژەی بەوە دا، گرۆسی خیانەتی کردووە و نابێت ڕێگەی پێ بدرێت سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات، هەروەها بڕیاری پەرلەمانی ئێرانیش بۆ هەڵپەساردنی هاوکاریکردنی ئاژانسەکە، بڕیارێکی باشە.

لاریجانی، لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، گوتی: هەرچەند چەندان فەرماندەی گەورەمان لەو جەنگە لە دەست دا، بەڵام فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانمان بە بڕیاری حەکیمانەی خۆی، فەرماندەی نوێی دامەزراند و توانی هاوکێشەکان بگۆڕێت.

لە درێژەی قسەکانیدا، ڕاوێژکاری خامنەیی، ئاماژەی بەوەش کرد، ئامادەیی خەڵک لە ماوەی جەنگی 12 ڕۆژەدا و ئەمڕۆش لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی شەهیدانماندا، وەڵامێکی توندە بۆ دوژمنانی ئێران.

گوتیشی: لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکا ڕووبەڕووی جەنگێکی چارەنووسساز بووینەوە. جەختی لەوە کردەوە، ناتۆ پاڵپشتی لە دوژمنەکانمان دەکات.

پێنجشەممە 26ـی حوزەیرانی 2025،  ئەنجوومەنی هەمواکردنەوەی دەستووری ئێران، ڕایگەیاند: ڕەزامەندییمان لەسەر پلانی حکوومەت داوە بۆ هەڵپەساردنی هاوکاریکردنی ئاژانسی وزەی ئەتۆم.

چوارشەممە 25ـی حوزەیرانی 2025، میدیاکان بڵاویان کردەوە، پەرلەمانی ئێران پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی بۆ ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسەند کرد.