نووری مالیکی: بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و ئێرانەوە، ناوچەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدار

شەممە، 28ـی حوزەیران 2025، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ڕایگەیاند، پێویستە عێراق بگاتە ئاستی هێزی وڵاتانی دراوسێی، ئەمەش بە مەبەستی هەڵگیرساندنی شەڕ  نییە، وەک لەسەردەمی بەعسدا ڕووی دا.

مالیکی لە وتارێکی بە بۆنەی موحەڕەمەوە گوتی: "چاکسازی تەنیا دروشمێک نییە، بۆ مەبەستی سیاسی یان حزبی بێت، بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەی دیدگایەکی ستراتیجیدا بێت کە چارەی لاوازی و کەموکوڕییەکانی دامەزراوە جۆربەجۆرەکانی دەوڵەت بکات بۆ گەیشتن بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی هاووڵاتیان، دابینکردنی خزمەتگوزاری و دامەزراندنی بێکاران؛ هەموو ئەمانە مافی ڕەوای خەڵکن، نەک پیاوەتی کەسیی و دەستکەوتی سیاسیی لایەنەکان."

ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە پێداچوونەوەیەکی بەهەموو دامەزراوە و دەزگا ئەمنییەکان و سەربازییەکان بکرێتەوە، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی لە ئاستێکدان سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنیی مسۆگەر بکەن و سەروەریی وڵات لە هەڕەشە دەرەکییەکان بپارێزێن. 

مالیکی ئاماژەی بەوەدا "جەنگەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززەوە تا لوبنان و پاشان سووریا و دواجار بۆ ئێران دەستی پێ کرد، عێراقیش لەوە پارێزراو نابێت."

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا جەختی کردەوە، پێویستە عێراق دەوڵەتێکی بەهێز بێت، خاوەنی هەموو ئامرازەکانی بەرگریی لە سەروەری و گەلەکەی و پیرۆزییەکانی بێت.

گوتیشی: جیهانی دەوروبەرمان خاوەنی هەموو هۆکارەکانی بەهێزبوونن، عێراقیش دەبێت بۆ ئاستی خۆی بەرزبێتەوە، نەک لە پێناو شەڕدا، وەک سەردەمی ڕژێمی بەعس، بەڵکو بۆ پاراستنی سەروەری خۆمان و مافەکانمان و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق.