ھۆشداری لە بڵاوبوونەوەی سەگە بێ خاوەنەكانی ھەولێر دەدرێت
ھەڵمەتێك بۆ كۆكردنەوەی سەگە بێخاوەنەكان لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت
K24 - ھەولێر
لە ھەندێك گەڕەكی شاری ھەولێر كۆمەڵێك سەگی بێ خاوەن بڵاوبوونەتەوە، كە ھەندێكیان بریندارن و جیا لەوەی سیمایەكی ناشیرین بە گەڕەكەكانی پایتەخت دەدەن، ھاوكات دەبنە سەرچاوەی ترس و نەخۆشی بۆ ھاووڵاتییان، پزیشكێكی ڤێتەرنەریش، ئەم مەترسیە پشتڕاست دەكاتەوە، قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێریش دەڵێت "پلان ھەیە بۆ ئەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەم پرسە بدۆزینەوە".
مستەفا محەمەد، پزیشكی ڤیتەرنەری بە كوردستان24ی گوت: "بڵاوبوونەوەی ئەو سەگانە مەترسی ھەیە بۆ سەر مرۆڤ و ئاژەڵانی دیكە لەناو گەڕەك و كۆڵانەكان، چونكە كاتێك سەگەكان خواردنیان نامێنێ پەلاماری مرۆڤ و ئاژەڵانی دیكە دەدەن، جگە لەوەش ئەو سەگانە ھەڵگری چەندین نەخۆشین، زۆر لەو نەخۆشیانەش دەگوازفرێنەوە بۆ مرۆڤ، ئەمەش مەترسی زۆری ھەیە".
سەبارەت بە چارەسەری ئەو دیاردەیە قایممەقامی قەزای ناوەندی ھەولێر باس لە دروستكردنی شێڵتەرێكی تایبەت بەو سەگانە دەكات.
نەبەز عەبدولحەمید، قایممەقامی قەزای ناوەندی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "پێویستمان بە شێڵتەرێكی گەورە ھەیە و لەلایەن ڤێتەرنەری سەرپەرشتی بكرێت و شارەوانی و ژینگەپارێزی وەك لایەنی پەیوەندیدار بەشداربن".
گوتیشی: "بۆ چارەسەركردنی كێشە سەگە بێ خاوەنەكان، چەندین كۆبوونەوەمان لە پارێزگا ئەنجامداوە".
پەیوەست بەم پرسە ئاشتی فەلەكەدین كاكەیی، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی و ئاژەڵدۆست لەمیانی بەشداریكردن لە بەرنامەی رۆژباش-ی كوردستان24 گوتی: "كاتێك ھەستمان كرد زوڵمی زۆر لە سەگەكان دەكرێت بە ھاوكاری قایمقامیەتی ناوەندی ھەولێر شێڵتەرێكمان دامەزراند، ئێستا سەرقاڵی كاركردنین بۆ كۆكردنەوەی ئەو سەگانە".
ئاماژەی بەوەشدا: "حكومەت زەوی و قەفەسی سەگی بۆ دابینكردوین و خەڵكی خۆبەخش لە ناوخۆ و دەرەوە ھاوكاری مادیان كردوین بۆ بەڕێوەچوونی كارەكانی شێڵتەر".
ئاشتی فەلەكەدین كاكەیی، ئاماژەی بەوەشدا: "ھەندێك رێكخراوی دیكەش لە ھەوڵدان بۆ لە زاوزێ خستنی ئەو سەگانە، بەڵام دەبوایە زووتر ئەوە كرابوایە".
ئەگەرچی لە ماوەی چەندین مانگی رابردوودا ھەڵمەتی كۆكردنەوەی ئەو سەگانە لە لایەن لیژنەیەكی شارەوانی و قایممەقامیەتی ھەولێر دەستی پێكرد، بەڵام تائێستا لە ھەندێك گەرەك و شەقامەكانی ھەولێر ئەو سەگانە دەبیندرێن، ئەمەش جیا لەوەی ترسی تەندروستی خستووەتە دڵی بەشێك لە ھاووڵاتیان.
ھ.م