ئێران.. 30 قوتابی و 7 مامۆستا له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كانی ئیسرائیل كوژراون

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و فێربوونی حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژه‌ به‌ كوژرانی ژماره‌یه‌ك قوتابی و مامۆستا ده‌كات له‌ ئه‌نجامی هێرش و مووشه‌كبارانه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌یان.

دووشه‌ممه‌، 30ـی حوزه‌یرانی 2025، عه‌لی ڕه‌زا كازمی، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و فێربوونی حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگه‌یاند، 30 قوتابی و حه‌وت مامۆستا له‌ ئه‌نجامی هێرش و مووشه‌كبارانه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران كوژراون.

عه‌لی ڕه‌زا كازمی گوتووشیه‌تی، 21 قوتابی له‌ تاران به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل له‌ ماوه‌ی 12 ڕۆژدا‌ كوژراون. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، 36 قوتابخانه‌ش زیانیان پێ گه‌یشتووه‌.

دووشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2025، ئەسغەر جیهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تا ئێستا ناسنامەی 930 کەس لە کوژراوانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئاشکرا کراون.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنا بڵاوی کردووەتەوە، بە گوتەی جەهانگیری، لە جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل له‌ دژی ئێران، نزیکەی هەزار هاووڵاتی بێتاوان کوژراون. بە گوێرەی دوا ئاماری پزیشکی یاسایی، تاوەکوو ئێستا ناسنامەی 935 کەس ئاشکرا بووە، لەوانە 132یان ئافرەت و 38 یان منداڵن.

ڕۆژی 13ـی ئەم مانگە ئیسرائیل هێرشی فراوانی کردە سەر ئێران و جەنگێکی 12 ڕۆژە بەرۆکی ئێرانی گرت و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە سەربازییەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی دیکەی ئێران و ژمارەیەک زانای ئەتۆمی کوژران.

 
Fly Erbil Advertisment