بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکارێ: سەرەڕای هێرشەکەی شەوی ڕابردوو، ناوچەکەمان پڕ بووە لە گەشتیاران

ژمارەیەک گەشتیار لە دەرکارێ (ڕاست) و دیمەنێکی ئەو قوتابخانەیەی درۆنەکەی بەرکەوت (چەپ)
ژمارەیەک گەشتیار لە دەرکارێ (ڕاست) و دیمەنێکی ئەو قوتابخانەیەی درۆنەکەی بەرکەوت (چەپ)

بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکارێ دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانی ناوچەکە لەوەی دۆخەکە ئارامە و کۆنترۆڵ کراوە. دەشڵێت: سەرەڕای هێرشەکەی شەوی ڕابردوو، ناوچەکەمان پڕ بووە لە گەشتیاران.

کاتژمێر 12:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 01-07-2025، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی بۆمبڕێژکراو لە کەمپی دەرکارێ لە سنووری ناحیەی دەرکارێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کەوتە خوارەوە.

جەلال محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکارێ بە مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، بەر دیواری قوتابخانەی کەمپی دەرکارێ کەوتووە، بەهۆیەوە ئاگر لە بەشێکی قوتابخانەکە کەوتبووەوە، بەڵام خۆشبەختانە تیمەکانی بەرگریی شارستانی، توانییان لە ماوەی چەند خولەکێکدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن."

لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانیش، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکارێ باسی لەوە کرد "جگە لەو زیانە ماددییەی بەر قوتابخانەکە کەوتووە، پارچەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، بەر گەنجێکی تەمەن 16 ساڵ کەوتووە و بەهۆیەوە بە سووکی بریندار بووە." 

بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکارێ دڵنیایی دا هاووڵاتییانی ناوچەکە، هێزە ئەمنییەکان دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و کاری ڕۆژانەی ئاسایی خۆیان بکەن. باسی لەوەش کرد، وەک ڕۆژانی دیکە، هەر لە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 01-07-2025، ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران هاتوونەتە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری ناحیەکەیان. 

هێرشەکەی سەر کەمپی دەرکارێ دوای کاتژمێرێک لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر کەرکووک هات. سێ لە مووشەکەکان کە لە جۆری کاتیۆشا بوون، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک و مووشەکێکیش لە ناوچەی "عروبە"ـی شارەکە کەوتە خوارەوە. 

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک و بەرپرسانی شارەکە، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردوو،  دووشەممە، 3ـی حوزەیران، 2025، تەنیا کارمەندێکی فڕۆکەخانەکە بە سووکی بریندار بووە.

بە ڤیدیۆ؛ مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24 زانیاریی نوێ لەبارەی ڕووداوەکە دەخاتە ڕوو:

 

 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment