ئیندۆنیزیا..بەلەمێکی گەشتیاران نقوم بوو و چوار کەس مردن
چوارشەممە، 2ـی تەممووز 2025، بەلەمێکی گەشتیاری لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی بالی لە ئیندۆنیزیا نقوم بوو و لە ئەنجامدا چوار لە سەرنشینەکانی مردن و چارەنووسی دەیانی دیکەش نادیارە.
بەلەمێکی گەشتیاری کە لە دوورگەی جاڤا وە بۆ دوورگەی گەشتیاریی بالی لە ئیندۆنیزیا دەچوو، پاش ماوەیەکی کورت لە بەڕێکەوتنی، نقوم بوو. ڕاما ساماتاما، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆچکەی بانیووانگی، بە میدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاند "بەلەمەکە، 65 سەرنشین و 22 ئۆتۆمبیلی هەڵگرتبوو، لە شاری بانیووانگی دوورگەی جاڤا، بەرەو دوورگەی بالی دەچوو، بەڵام پاش 25 دەقیقە لەبەر خراپیی کەش و بەرزیی شەپۆلەکانی دەریا نقوم بوو."
بە گوێرەی دواین هەواڵەکان، تیمەکانی فریاکەوتن تا ئێستا تەرمی چوار کەسیان دۆزیوەتەوە و 23 کەسیشان ڕزگار کردووە بەڵام هێشتا چارەنووسی 38 سەرنشینی دیکە، نادیارە.