ماریا زاخارۆڤا: هێشتا ئامانجەکانمان لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا بەدەست نەهێناوە

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکای ئاشکرا کرد و گوتی: هیچ وادەیەک بۆ دانوستانەکانی داهاتووی نێوان هەردوولا دیاریی نەکراوە.

ماریا زاخارۆڤا ڕوونیشیکردەوە، تا ئێستا دوو گەڕی ڕاوێژ سەبارەت بە هۆیەکانی گرژیی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا بەڕێوە چووە، بڕیاربوو گەڕی سێیەمیش بکرێت بەڵام " ئەمەریکا دوایخست."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، "لەو دانوستانانەی کراون، هەموو ئەنجامە خوازراوەکان بەدەستنەهێنراون، چونکە لە سەردەمی ئیدارەی بایدن و ئۆبامادا زۆر شت لەناوچوو، هەر بۆیە دەکرا هەندێک کێشە چارە بکرایە، بەڵام هێشتا زۆر شت ماوە بکرێت."

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ڤلادیمێر پوتن گفتوگۆیەکی لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی دۆناڵد ترەمپ کرد کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند، لەو ماوەیەدا پوتن ئامادەیی مۆسکۆی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە دانوستانەکان.