ترەمپ باری لەناکاوی لە ویلایەتی تێکساس ڕاگەیاند
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێیتد پرێس بڵاوی کردووەتەوە، ژمارەی قوربانییانی لافاوە تێکساس، گەیشتووەتە نزیکەی 70 کەس، سەرۆکی ئەمەریکاش باری لەناکاوی لە ویلایەتەکە ڕاگەیاند.
یەکشەممە 6ـی تەمووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نووسیویەتی: باری لەناکاو لە ناوچەی کێر کۆونتی لە ویلایەتی تێکساس ڕادەگەیەنم، بۆ ئەوەی تیمەکانی فریاگوزاری بتوانن ئەو کەرستە پێویستییانە بۆ ڕزگارکردنی هاووڵاتییان دەستبەجێ بەکاری بهێنن.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەشی داوە، لافاوەکە ژیانی هاووڵاتییانی خستووەتە مەترسییەوە، ژمارەیەک کەس گیانیان سپاردووە و زۆرێکیش ونبوونە و تاوەکوو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە.
باسی لەوەش کردووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ویلایەتی تێکساس لە پەیوەندی دایە.
سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو، تیمەکانی فریاگوزاری و پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 850 کەسییان ڕزگار کردووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 4ـی تەممووزی 2025، بارانی بە لێزەمە و لە ناکاو، ئاستی ئاوی ڕووباری گوادالوبی لە دووری 140 کیلۆمەتری شاری سان ئەنتۆنیۆ، بۆ 9 مەتر بەرز کردەوە. لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی و گەشتیاران، بە بۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکاوە هاتبوونە کەناری ڕووبارەکە و چەندان کەمپی گەنجان و قوتابیانیش لەوێ ساز کرابوون.