"کازمی تێگەیشتووە بە بێ هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو نابێت"

چاودێران: هه‌ولێر هیچ پاساوێكی بۆ به‌غدا نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌

K24 - دهۆک

چاودێران به‌ گرنگییه‌وه‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌ سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان ده‌ڕوانن و پێیان وایه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ پاساوێكی بۆ به‌غدا نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌، هه‌موو رێگه‌كانی بۆ رێككه‌وتن خۆشكردووە.

لەم رۆژانەی دواییدا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی هاتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبووەوە، دواتر سەردانی هەرسێ پارێزگای: دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجەی کرد.

سەردانەکەی کازمی بۆ هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ رێککەوتن گەرموگڕن، بۆیە بە تێڕوانینی چاودێرانی سیاسی؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوویەکی نەهێشتووەتەوە و لە رێککەوتنیش نزیک بووەتەوە، بەتایبەتی لەدوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

موئەیەد تەییب، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ "هەموو کاتێک هەرێمی کوردستان ئامادەبووە لەسەر بنەمای دەستوور کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات، بەڵام دەمانبینی گفتوگۆکان زۆر لەسەرخۆبوون، کاتی زۆریان دەویست، دوای سەردانەکە کازمی بۆ ئەمەریکا و گەڕانەوەی، (گفتوگۆ و هەنگاوەکانی) خێراتر بوون و رۆژ لەدوای رۆژ نزیکتر دەبین لە رێککەوتن".

دوای سەردانیکردنی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل لە زاخۆ، کازمی سەردانی کەمپی قادیای ئاوارەکانی شنگالی کرد.

مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال دەڵێ "سەردان شتێکی مەعنەوییە و زۆر باشە، بەڵام دەمانەوێت لەسەر ئەرزی واقع کاربکرێت، ئاوارەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵیان، بەڵام تاوەکو هێزە ناشەرعییەکان لەوی بن، هەتاوەکو ئیدارەی شەرعی لەوێ نەبێت ناتوانن بگەڕێنەوە. شنگال یەکەم قەزا بوو رزگارکرا و تاوەکو ئێستاش حکومەتی عێراق ماستەرپلانێکی بۆ ئاوەدانکردنەوەی دانەناوە".

چاودێرانی سیاسی دەڵێن؛ کازمی بە گرنگییەوە لە رۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و باش تێگەیشتووە لەوەی هیچ سەرۆکێک لە عێراق بەبێ کورد خۆشیی لە کورسیی دەسەڵات نەبینیوە.

دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی، بەتایبەتی لە لایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جدی دراوە تاوەکو کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەیەکجاری چارەسەر بکرێن، هاتنی کازمی و ریگەخۆشکردن بۆ سەردانی پارێزگا، دەڤەر و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەگوتەی چاودێران باشترین بەڵگەن کە دەریدەخەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرگای ئاشتی بەڕووی بەرپرسانی عێراقی بە کراوەیی جێهێشتووە.

 

هـ.ر.