حکوومەتی ئێران: منداڵانی کارکەر، قوربانیی هەژاری و ئالوودەبوونی ماددەی هۆشبەرن

سێشەممە، 8ـی تەممووز، 2025، موحسین کرمانی، سەرۆکی فریاگوزاریی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوی خۆشگوزەرانیی وڵات، بە ئاژانسی هەواڵی ئیلنا ی ڕاگەیاند، ساڵی ڕابردوو ژمارەی منداڵانی کارکەر لە سەرانسەری ئێراندا، 12 هەزار و 663 منداڵ بووە.
موحسین کرمانی، سەرۆکی فریاگوزاریی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوی خوشگوزەرانیی وڵات، بە پەیامنێری ئیلنا ی گووتوە: بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوەکەمان، سەدا 60 ی منداڵانی کارکەر، ئێرانین و سەدا چلیشیان منداڵانی بیانین ئەوانەی نیشتەجێی شار و ناوچە جیاوازەکانی ئیرانن. بەڵام ئەم ئامارە هەموو پارێزگاکانی ئێران ناگرێتەوە. بۆ نموونە لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، خوزستان، منداڵانی کاری بیانی نین یان زۆر کەمن، واتە زۆرینەیان ئیرانین، کەچی لە پارێزگاکانی تاران و کرمان، زۆرینەیان منداڵانی بیانین.
کرمانی گوتی: بێگومان ئەم ئامارە، ژمارەی ڕاستیی منداڵانی کارکەر دەرناخات، چونکە لەوانەیە ژمارەیەکی زۆری ئەو منداڵانە لە لایەن تیمەکانی ڕێکخراوەکەمانەوە تۆمار نەکرابن. بەڵام بە گوێرەی سەرژمێرییەکانی ئێمە، ژمارەی منداڵانی کارکەر، تا سەرەتای ئەمساڵ، گەیشتووەتە 12 هەزار و 663 کەس.
سەرۆکی فریاگوزاریی کۆمەڵایەتی ڕێکخراوی خوشگوزەرانیی وڵات، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: %72 ی منداڵانی کارکەر کوڕن و %28 یان کچن و نزیکەی %15 ی کۆی گشتیی ئەو منداڵانە لە زبڵخانەکاندا کار دەکەن. ئەوان بە شێوەیەکی گشتی لە لایەن دەوڵەت، خێرخوازان و هاوکارییە گشتییەکانەوە پشتیوانیی دەکرێن.
کرمانی، دەربارەی ئەو منداڵانەی کە پاش ئەوەی لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە هاوکاریی دەکرێن و دووبارە دەگەڕێنەوە سەر شەقامەکان، گوتی: ئێمە هەوڵ دەدەین بە ئەوەندەی بکرێت، باری ئابووریی و کۆمەڵایەتی خێزانەکان باشتر بکەین، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان، پاش ئەوەی لە ناوەندەکانی چاودێریی سەر بە ڕێکخراوەکەمانەوە مۆڵەت دەدرێن، بگەڕێنەوە لای خێزانەکانیان و ڕۆژانە چاودێریی و هاوکاریی بکرێن. سیاسەتی ڕێکخراوی خۆشگوزەرانی ئەوەیە کە پێگەیاندنی منداڵان، لە ئامێزی خێزانەکانیاندا پەرە پێ بدرێت.
کرمانی، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: لەوانەیە هەندێک خێزان، تەنها لە ڕێگەی داهاتی منداڵەکانیانەوە ژیانیان بەڕێوە بچێت. بە گوێرەی ئەو ئامارەی لەبەر دەستماندایە، لەسەدا 75 ی کارکردنی منداڵان، لە ئەنجامی هەژاری و ئالوودەبوونی دایک و باوکەکانە بە ماددەی هۆشبەر.