سعوودیە ژمارەیەک بیانی لە سێدارە دا
سعوودیە لە 10 ساڵی ڕابردوودا دەیان کەسی بیانی لەسەر تاوانی بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر ، لە سێدارە داوە

سێشەممە، 8ـی تەممووز 2025، ڕۆژنامەی زە گاردییان، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ، بڵاوی کردووەتەوە، سعوودیە لە دە ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی 600 کەسی بە تۆمەتی پەیوەنددار بە ماددەی هۆشبەر، لە سێدارە داوە.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ، ئاماژەی بەوەش کردووە کە سێ لە سەر چواری لە سێدارەدراوەکان، هاووڵاتی پاکستانی، سووریی و یەمەنی و نایجەری و میسریی نیشتەجێی سعوودیەن.
ڕێکخراوەکە، جەخت لەوە دەکاتەوە، زۆرێک لەوانەی لە سێدارە دراون، تاوانەکانیان سووک بووە و شایانی سزای ئاوا قورس نەبووە. سەرباری ئەوەش پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگاییەکەیان بە پەلە و بەبێ وردبینی بەڕێوە چووە.
کریستین بەکلەری، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ، ڕایگەیاندووە "ئەوەی لە سعوودیە ڕوو دەدات، ئاراستەیەکی مەترسیداری گرتووەتە بەر، هاووڵاتییانی بیانی لەسەر تاوانی زۆر بچووک، بەو شێوە هەڕەمەکی و ترسناکە لەناو دەبرێن."
بەکلەری، هەروا گوتوویەتی: ئاشکراکردنی ئەو پێشێلکارییانەی سعوودیە بۆ وڵاتان، هەرگیز کارێکی ئاسان نەبووە، چونکە سعوودیە وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەندە و کاریگەرییەکی جیۆسیاسی گەورەی لە ناوچەکەدا هەیە.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ، جەختی لەوە کردووەتەوە، زۆرێک لەو هاووڵاتییە بیانیانەی لە سعوودیە بە تاوانی بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر تێوەگلاون، لە ڕاستیدا بەرانبەر بڕە پارەیەک خەڵەتێنراون و تاوانەکەیان شایانی سزای لە سێدارەدان نەبووە.