کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان تۆم باراک و ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی بەرێوەدەچێت

سەرچاوەیەک ئاشکرای کرد، بریارە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکەی 10ـی ئاداری 2025، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا لەگەڵ ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی کۆببێتەوە. ئاماژەی بەوەش داوە، ڕەنگە هەندێک بڕگەی ڕێککەوتنەکە هەموار بکرێتەوە.
ڕێککەوتنی 10ـی ئادار لە نێوان هێزەکانی (هەسەدە) و دیمەشق، ئامانجی یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی ئیدارەی خۆسەرە لەگەڵ حکوومەتی سووریا.
تەلەفزیۆنی سووریا لە زاری ئەو سەرچاوەیەوە بڵاویکردەوە، تۆم باراک لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆدەبێتەوە، دواتر کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەنێوان تۆم باراک و ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی دەکرێت، بەڵام شوێنی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشک دەخرێتە سەر جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە، کە تیایدا تێکەڵکردنی هێزەکانی (هەسەدە) و دامودەزگاکانیەتی بە حکوومەتی سووریا.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، ڕەنگە هەندێک بڕگە لەسەر داوای هەسەدە بە ڕێککەوتن لەگەڵ واشنتن هەموار بکرێنەوە.
تەلەڤزیۆنی سووریا ئەوەشی ئاشکرا کردووە، فەرەنسا بە ئەمەریکای گوتووە ئەوان پاڵپشتیی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکەن.
جگە لە ڕێککەوتنەکە، بڕیارە نوێنەری ئەمەریکا بۆ سووریا، هاوکاریی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و حکوومەتی سووریا و هێزەکانی هەسەدە، لە شەڕی دژی داعش لە سووریا تاوتوێ بکات.
ئەو ڕێککەوتنەی کە لە 10ـی ئادار، لە نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی واژۆ کرا، چەند بڕگەیەکی لەخۆگرتبوو، دیارترینیان، یەکخستنی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی ئیدارەی خۆسەرە بە ئیدارەی دەوڵەتی سووریا، لەوانە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان.
هەروەها لە ڕێککەوتنەکەدا مەرجی ئەوە خراوەتەڕوو کە نەتەوەی کورد بە "بەشێکی دانەبڕاو لە سووریا هەژمار بکرێت و مافە دەستوورییەکانی بەتەواوی دەستەبەر بکرێت."