ویتکۆف بۆ حەماس: پابەندین بە درێژکردنەوەی ئاگربەست ئەگەر دانوستانەکان بەردەوام بن

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئەکسیۆس ڕایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف،  نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست له ڕێگەی بەشاره بەحبەح، بازرگانی فەڵەستینی ئەمەریکی پەیامێکی ئاراستەی حەماس کردووە و ڕایگەیاندووە ئەگەر ئاگربەستەکەی 60 ڕۆژە بەردەوام بێت، ئیدارەی ترەمپ پابەندە بە گەرەنتی کردنی ئاگربەستەکە.

سەرچاوە ئاگادارەکە هەروەها ڕایگەیاند، دانوستانەکانی ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، تیشکیان خستۆتە سەر نەخشەی دووبارە جێگیرکردنەوەی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.

ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئیسرائیل و حەماس توانیان سێ لەسەر چواری کێشە هەڵپەسێردراوەکە لە میانی دانوستانەکانی نزیکی لە دۆحە چارە بکەن، ئاماژەی بەوەش کرد، "هیوادارین تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بگەینە ڕێککەوتن".

لای خۆیەوە حەماس داوا دەکات سوپای ئیسرائیل بکشێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە بەر لە ئاگربەستی پێشوو لە مانگی ئادار هەیبوو، بەڵام ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە ئەو کارە بکات.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە، ناکۆکی سەرەکی کە ماوەتەوە پەیوەندی بە پرسی کشانەوەی سوپای ئیسرائیلەوە هەیە لە غەززە. ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، ترەمپ و نەتانیاهۆ بۆ ماوەی 90 خولەک کۆبوونەوە و تاوتوێی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسیان کرد. هەروەها شاندێکی قەتەریش پێش کۆبوونەوەی ترەمپ و نەتانیاهۆ ڕۆژی سێشەممە گەیشتە کۆشکی سپی و چەند کاتژمێرێک کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی کرد.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment