ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆوە لەبارەی گرژییەکانی ناوچەی خەبات

‎وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی گرژییەکانی ناوچەی خەبات بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، توانرا ئەو کێشەیە سنووردار بکرێت کە لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان چەند کەسێک لە سەر کێشەی زەوی و زار، گرژی و نائارامی لە ناوچەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر دروست بوو.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە:

‎لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان چەند کەسێک لە سەر کێشەی زەوی و زار، گرژی و نائارامی لە ناوچەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر دروست بوو کە بە داخەوە بووە هۆکاری زیانی گیانی و ماددی. بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومی و حیزبی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ توانرا هەر زوو ئەو کێشەیە سنووردار بکرێت و بە هاوکاریی خەلکی دەڤەرەکە ناوچەکە ئارام کرایەوە و رێکاری یاسایی بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکان و سزادانی سەرپێچیکاران دەستی پێ کردووە.

‎داوا لە خەلکی ناوچەکەش دەکەین بە قسەی ناحەزان و هاندانی دەستی گوماناوی هەڵنەخەلەتێن و بەردەوام بن لە پابەندی بە رێنماییەکانی ئاسایش و هاوکار بن بۆ نەهێشتنی گرژەییەکان و سەقامگیریی ئەو دەڤەرە. 

‎ئارامی و ئاسایشی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکە و ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادرێت بە هەر مەبەستێک بێت پەرە بە نائارامی و گرژی بدات و هاوڵاتیانی هەرێم دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان هەر بە سەقامگیرترین ناوچە لەدەڤەرەکەدا دەمێنتەوە.