ستراتیجیەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاو فراوانە

هەرێمی کوردستان بەھۆی دروستکردنی 120 بۆند و ھەشت بەنداو، توانای گلدانەوەی 10 ملیار مەتر سێ جا ئاوی ھەیە.

ئەمڕۆ هەینی 11ـی تەمموزی 2025، فەریدون سابیر، بەرێوەبەری پرۆژەی بەنداوی دوین، بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، لە قۆناغی کۆتایی تاقیکردنەوەی بەنداوەکانین، بەشێکی تاقیکردنەوەکان لە دەرەوەی وڵات دەکرێت، لێرە نموونەکان وەردەگیرێت لە دەرەوە ئەنجامەکان دەگەڕێتەوە. بەشەکەی دیکە لە تاقیکردنەوە ناوخۆییەکان ئەنجامەکەی بەدەست گەیشتووە.

دەشڵێت: ئێستا لە قۆناغی بەشی کۆتایی تاقیکردنەوەکەداین، دوای تەواوبوونی ئەو قۆناغە دەست بە دروست کردنی ڕێگای بەنداوەکە دەکەین، دوای ئەوەش دروستکردنی بەنداوەکەیە.

ڕاشیگەیاند " بەنداوەکە لە دوو شوێنی جیاواز دوو ڕێگەی دوو سایدی بۆ دروست دەکرێت، تا ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاری، بەتایبەت بەشی خوارەوەی و هیچ دارێک بۆ ئەم بەشەش نابڕدرێتەوە.

لای خۆیەوە د. کاروان سەباح هەورامی، بەرێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەولەویەتی کابینەی نۆ بریتی بوو لە بایەخدان بە ژێرخانی بنەڕەت، بەتایبەت ژێرخانی ئاو، لە ناو ژێرخانی ئاویش گرنگییەکی زۆر بە کۆکردنەوەی ئاو دراوە، هەر لەبەر ئەوە پشتیوانییەکی بەرچاو لە دروست کردنی پۆند و بەنداو کرا.

دەشڵێت: ژمارەیەکی زۆر پۆند و بەنداو تەواوکران، کاریگەری ئەو پۆند و بەنداوانە لە ساڵانی داهاتوودا دەبینن.

لە هەرێمی کوردستان، لە پێناو مسۆگەرکردنی ئاسایشی ئاو دەیان پۆند، بەنداو، پرۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ دروست کراون، بە ئامانجی دابینکردنی ئاوی پاک، ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی زیادکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، پشتیوانی ئاژەڵداران، گرنگیدان بە بەهێزکردنی ژێرخانی ئاو لە هەرێم.

گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و نەبوونی باران، کاریگەریی لەسەر جیهان دروست کردووە و بوونەتە ئالنگاریی گەورە، هەرێمی کوردستانیش بێبەری نەبووە لەو ئالنگارییانە، بەڵام لە کابینەی نۆیەمدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر کوردستان کەم بکاتەوە، ئەویش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی ستراتیژیی ئاو، کە تێیدا سوود لە ئاوی سەر زەوی وەردەگیرێت.

 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment