پەکەکە شوێنی پرۆسەی چەکدانانی گۆڕی
پەیامنێری کوردستان24 ئاراس ئەمین لە ڕاپەڕین ئاشکرای دەکات، پەکەکە شوێنی پرۆسەی چەکدانانی گۆڕیووە و بردوویەتییە ئەشکەوتی جاسەنە لە گوندی جاسەنەی سنوری سورداشی سەر بە قەزای دوکان کە پێشتر قسە لەسەر ئەو دەکرا لە دەڤەری ڕاپەڕین و ناوچەکانی بناری قەندیل بەڕێوەبچێت.
ئاراس ئەمین ڕایگەیاند: دوای ئەوەی پرۆسەکە لە گوندی جاسەنە بەڕێوەدەچێت، بابەتە میدیاییەکە دەگوازرێتەوە بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران لە هۆتێل ئاشوور لە دەڤەری ڕاپەڕین بۆ ئەوەی بۆ ڕای گشتی کوردستان و جیهان بیگوازنەوە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای دەکات، چەند فەرماندەیەکەی باڵای پەکەکە ئامادەی ڕێوەڕەسمی چەکدانانەکە دەکەن، لەوانەش باس لە ئامادەبوونی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە و موستەفا قەرەسو دەکرێت.
ئاراس ئەمین ڕایگەیاند: هەموو ئەو کەسایەتی و لایەنە سیاسییانەی بۆ ئامادەبوون لە پرۆسەکە بانگهێشت کرابوون لەلایەن پەکەکەوە، لە هۆتێل ئاشوورەوە بەرەو گوندی جاسەنە بەڕێ کەوتوون و ئێستا تەنها ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان و جیهان لە هۆتێلەکە ماونەتەوە و چاوەڕوانی زانیارییەکان دەکەن لەبارەی پرۆسە مێژووییەکەی چەکدانانی پەکەکە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە) لە نامەیەکی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسانی گوتبوو، بە پاس دەگوازرێنەوە شوێنی دیاریکراو لە نزیک پرۆسەکە، بەڵام تا ئێستا هیچ پاس و کەسێک بەلای میدیاکارانەوە نەهاتوون.
دەشڵێت: بڕیارە 33 بۆ 44 ئەندامی پەکەکە لە پرۆسەکە چەک دابنێن لە سەرەتادا کە پرۆسەیەکی درێژخایەنە و درێژ دەبێتەوە بۆ چەکدانانی هەسەدە و پەیەدە و پژاکیش.