پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە کۆتایی هات

پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە کۆتایی هات، 30 چەکدار چەکەکانیان سوتاند کە بریتی بوون لە چەکی کلاشینکۆف و بیکەیسی ئارپێچی و نیشانە شکێن.

ئەمڕۆ هەینی 11ـی تەممووزی 2025، پرۆسەی چەکدانانی گرووپێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنەی سەر بە ناوچەی سوورداشی قەزای دوکان کە ژمارەیان 30 چەکداربوون، وەک نیازپاکیی لە پرۆسەی ئاشتی تورکیا چەکانیان دانا و سووتاندیان .

پەیامنێری کوردستان24، ئاراس ئەمین ڕایگەیاند: لەنێو چەکدارەکاندا، چوار فەرماندەی باڵای پەکەکە چەکەکانیان دانا.

لە وەڵامدانەوەی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە 27ـی شوباتی رابردوو، گرووپێک لە چەکدارانی پەکەکە ئەمڕۆ چەکەکانیان دانا و سووتاند.