دەم پارتی: سەردەمێکی نوێ بۆ چارەسەری پرسی کورد دەستی پێکرد

دەم پارتی، دوای قۆناغی یەکەمی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە ڕایگەیاند: ئێستا کاتی چڕکردنەوەی خەباتە بۆ سیاسەتی دیموکراسی. گوتیشی: ئەم کارەی ئەمڕۆ خاڵێکی وەچەرخان بوو لە مێژووی سەد ساڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا.
هەینی 11ـی تەممووزی 2025، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی قۆناغی یەکەمی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە لە سنووری سلێمانی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێستا کاتی ئەوەیە پێکەوە هەنگاو بنێین بۆ تورکیایەکی دیموکراسی، هەروەها ئێستا کاتێکی زۆر گونجاوە بۆ چڕکردنەوەی خەبات بۆ سیاسەتی دیموکراسی.
دەم پارتی ئاماژەی بەوە دا، ئەمڕۆ گرووپێکی سەر بە پەکەکە چەکەکانیان سوتاند، ئەم کارەش خاڵێکی وەچەرخان بوو لە مێژووی سەد ساڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، ئەو پرۆسەیەی ئەمڕۆ دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەڕی پەکەکە دەستی پێکرد، هەروەها سەردەمێکی نوێ بۆ چارەسەری پرسی کورد و بنیاتنانی تورکیایەکی دیموکراسی هاتە ئاراوە.
جەختی لەوە کردەوە، نەک تەنیا پرسی کورد، بەڵکو هەموو کێشەکانی تورکیا بە ڕێگەی دیموکراسی چارەسەر دەبن. گوتیشی: ئاشتی دەستکەوتی هاوبەشی ئێمەیە.
هەینی 11ـی تەممووزی 2025، پرۆسەی چەکدانانی گرووپێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنەی سەر بە ناوچەی سوورداشی قەزای دوکان، کە ژمارەیان 30 کەس بوون، وەک نیازپاکی لە بەرانبەر پرۆسەی ئاشتیی تورکیا، چەکەکانیان دانا و سوتاندیان.