شاندی دەم پارتی و کەسایەتییە سیاسییەکانی باکووری کوردستان سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەن

سەرۆک بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و شاندی باڵای دەم پارتی باسی لە پرۆسەی ئاشتی کرد و شاندەکە داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد، لە پاڵپشتیکردنی ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت و سەردانی ئۆجەلان بکات.

بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ هەینی 11ـی تەممووزی ،2025 لە سەڵاحەددین سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و شاندی باڵای دەم پارتی کرد کە پێکهاتبوو لە، ئەحمەد تورک، لەیلا زانا، سری ساکێک، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، چیدەم قلێچگون ئوچار، هاوسەرۆکی هەرێمەکانی دیموکرات، مەڕال دانشبەشتاش په‌رلەمانتاری دەم پارتی و بەردان ئوزتورک، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی.

لە دیدارەکەدا شاندی میوان دەستخۆشییان لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕۆڵی بەهێز و نەتەوەیی و ستراتیژی لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.

هەروەها داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد، لە پاڵپشتیکردنی ئەو پرۆسە مێژووییە لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەردەوام بێت. 

شاندەکە وێڕای گەیاندنی پەیام و داواکەی ئۆجەلان، داواشیان کرد کە سەرۆک بارزانی سەردانی ئۆجەلان بکات.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هەنگاوانەی لە پرۆسەی ئاشتیدا گیراونەتەبەر، هەنگاوی گرنگن بە ئاراستەی دروست. ئەوەشی ڕاگەیاند پرۆسەی ئاشتیی پێویستی بە پشوودرێژی و وردبینی هەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجامێکی باش.

هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی کردووەتەوە، کە 10 ساڵ گفتوگۆ باشترە لە یەک کاتژمێر شەڕ و بە شەڕ و توندوتیژی کێشەکان چارەسەر ناکرێن و دەبێ پشت بە خەباتی سیاسی و دیالۆگ و یەکترقبووڵکردن و دیپلۆماسی ببەسترێت.

سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەوە دا لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەوەی لە توانایدا بێت درێخی ناکات و سەبارەت بە داواکارییان بۆ سەردانی بۆ لای ئۆجەلان ڕایگەیاند، لە هەلومەرجێکی گونجاودا سەردانەکە ئەنجام دەدرێت. سەرۆک بارزانی داواشی کرد هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پاڵپشتی پرۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا بن.

 

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment