هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆچوونی خۆیان لە بارەی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە ده‌رده‌بڕن

لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، ئەمڕۆ هەینی 11ی تەممووزی 2025، پرۆسەی چەکدانانی گرووپێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنەی سەر بە ناوچەی سوورداشی قەزای دوکان بەڕێوە چوو. لە پرۆسەکەدا 30 چەکدار، وەک نیازپاکیی بۆ پرۆسەی ئاشتی تورکیا چەکانیان دانا و سووتاندیان

ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 گوتی: لەنێو چەکدارەکاندا، چوار فەرماندەی باڵای پەکەکە چەکەکانیان داناوە.

لەم بارەوە ژمارەیەک له‌ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان قسەیان بۆ کوردستان24 کرد و خۆشحاڵی خۆیان لە باره‌ی بڕیارەکە نیشان داوە به‌تایبه‌تی كه‌ بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی پەکەکە و تورکیا، چەندین ساڵە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە و قوربانیان داوە و زێدی باب و باپیرانیان چۆل کردووە. ئێستاش بەشێکی زۆر لەوانە، چاویان لەوەیە دوای بڕیاری چەکدانانی پەکەکە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ئاوەدانیان بکەنەوە و دەست بە كاری کشتوکاڵی بکەن.

دانیشتوویەکی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین بە کوردستان24ی گوت: ئەم بڕیارە بۆ هەرێمی کوردستان دەستکەوتێکی گەورەیە، دەبێت بە ئەنجامی چەکدانانی پەکەکە دڵخۆش بین، بە تایبەت کە باوەش بە ئاشتیدا دەکەنەوە.

باسی لەوەش کرد، ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی شه‌ڕ و ململانێكانی نێوان پەکەکە و تورکیا زیانێکی زۆری پێ گەیشتووە.

ئاماژەشی دا، دەبێت حکوومەتی تورکیاش هەنگاو زیاتر لەو بارەیەوە بنێت.

هاووڵاتییەکی دیکەی سنووری بادینان گوتی: بە بڕیاری چەکدانانی پەکەکە، زۆر دڵخۆشم هیوادارم پرۆسەکەش سەربگرێت، ئەگەر بگەڕێینەوە گوندەکانی خۆمان پێویستیمان بە مووچە نابێت.

هەر لە بارەی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دانیشتووی گوندی سەرگەلی لە ئامێدی بۆ کوردستان24 قسەی کرد و هیوای خواست پرۆسەکە سەربگرێت و شەڕ بە تەواوی ڕابوەستێت، بەڵکوو هاووڵاتییانیش لەو دۆخە ناخۆشە ڕزگاریان بێت، چونکە بەشێکی زۆری گوندنشینەکان زێدی خۆیان چۆل کردووە و ناتوانن ئاژەڵ بەخێو بکەن.

گوتیشی: ئێستا تەنیا زیندوو ماوین، ئەگەر نە هیچمان نەماوە، نە ئاژەڵمان ماوە، نە باخمان ماوە، هیچمان نەماوە، دوعاش دەکەم ئەو پرۆسەیە سەربگرێت بۆ ئەوەی دووبارە ژیان بگەڕێتەوە و بگەڕێینەوە نێو زێدی خۆمان.

هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی گوندی سەرگەلی لە ئامێدی باسی لەوە کرد، پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە هەنگاوێکی زۆر گرنگە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەم کاتە دەنگی تەقە و بۆردومان و چەکی قورس لە ناوچەکە دەبیسترا.

گوتیشی: ئەمە هەنگاوێکی زۆر باشە و وا دەکات هاووڵاتییان بەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، ئاماژەشی دا، ساڵانی ڕابردوو لە 83 ماڵ لە گوندەکانمان تەنیا 36 ماڵ ماون، هەروەها نزیکەی 200 بۆ 300 ئاژەڵمان هەبوو، ئێستا تەنیا 50 ئاژەڵمان ماوە، بۆیە هیوا دارە، پرۆسەی ئاشتیی سەربگرێت.

باسی لەوەش کرد، لە ماوەی ئەو 10 ڕۆژەدا لە ناوچەکەدا هەست بە گۆڕانکاری دەکەین، توانیویانە بە ئاسوودەیی بخەون و بخۆن و کارە کشتوکاڵییەکانی خۆیان بکەن.

تەیفوور محەممەد، پەیامنێری کوردستان24 لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەمڕۆ هەینی 11ـی تەممووزی 2025، ژمارەی ئەو گوندانەی بەهۆی شەڕ و ناکۆکییەکانی پەکەکە و تورکیا خستە ڕوو و گوتی، لە سنووری شارۆچکەی چۆمان و باڵەکایەتی 13 گوند بە تەواوی چۆل کراون، یەکێک لەو گوندانە دەکەوێتە شارەدێی حاجی ئۆمەران، 12 گوندی دیکە دەکەونە سنووری شارەدێی قەسرێ و زیاتر لە 10 هاووڵاتیی گیانیان لەدەست داوە و زیانێکی زۆر بەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەڤەرەکە گەیشتووە.

گوتیشی: شارۆچکەی سیدەکان و برادۆست، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان زۆرترین زیانی بەرکەوتووە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆی 264 گوند 118 گوند بە تەواوی چۆل کراون و زیاتر لە 100 هاووڵاتیی گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوونە، ئەمە جگە لەوەی لە بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، بەتایبەتی لە بواری گەشتوگوزار، چونکە ناوچەی گەشتیاری زۆر تایبەت لەو سنوورە هەیە.

هاوکات لە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆر و بارزان، 64 گوند بە تەواوی چۆل کراون ژمارەیەکی زۆری ڕەز و باغی هاووڵاتییان سووتاون.

شارۆچکەی ڕواندزیش بە هەمان شێوە، چوار گوند بە تەواوی چۆل کراون و ژمارەیەک هاووڵاتیی ئەو دەڤەرە گیانیان لەدەست داوە.

کۆی گشتیی ئەو گوندانەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چۆل کراون، ژمارەیان 200 گوندە و پێشبینی دەکرێت بەهۆی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە، ئەو گوندانە ئاوەدان بکرێنەوە.