وەزیری نەوتی عێراق: لەسەر زۆرینەی بڕگەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕێککەوتووین

شەممە، 12ـی تەممووزی 2025، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، عێراق ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل لە پشکی خۆی بۆ ئۆپێک لەدەست دەدات، ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر زۆرینەی بابەتەکان ڕێککەوتووین تەنیا یەک بڕگە بووەتە ڕێگر.

حەیان عەبدولغەنی، بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، "هەندێک بابەت لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بوونەتە ڕێگر، کە سەرەکیترین بابەت ئەوەیە هەرێمی کوردستان داوای 65 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەکات بۆ ناوخۆ، بەڵام حکوومەتی عێراق تەنیا 45 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی بۆ دیاریی کردووە.

وەزیری نەوتی فیدراڵ ئاماژەی بەوەش دا، "ئێمە لەسەر زۆرینەی بڕگەکان ڕێککەوتووین جگە لەم بڕگەیە، هیوادارین لە قۆناغەکانی کۆتاییدا هەرێم ئەم بڕە قبووڵ بکات، کە لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی حکوومەتی فیدراڵی و هەرێم ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، بە ئامانجی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە."